دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس: بڕیاری دەستگیرکردنی ئەسەد وەکو خۆی دەمێنێتەوە

26-06-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆککۆماری سووریا رەوایە و وەکو خۆی دەمێنێتەوە؛ ئەمە دوای ئەوەی ژمارەیەک داواکاری گشتیی تایبەت بە کەیسی دژەتیرۆر داوای هەڵگرتنی بڕیارەکەیان کردبوو. 
 
رۆژی چوارشەممە (26ـی حوزەیرانی 2024) دادگەی تێهەڵچوونەوەی پاریس رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بڕیارێکی رەوایە و وەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئەمە دوای ئەوە ئایاری ئەمساڵ، ژمارەیەک داواکاری گشتیی فەرەنسا کە تایبەت بوون بە کەیسەکانی دژەتیرۆر، داوای هەڵگرتنی بڕیارەکەیان کردبوو. 
 
ئەو داواکارە گشتییانە رایانگەیاندبوو، هەموو سەرۆکی وڵاتێک پارێزبەندیی رەهای هەیە. 
 
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2023، دوو لە پارێزەرانی قوربانیانی هێرشەکانی سوپای سووریا، رایانگەیاند، حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، ماهیر ئەسەد، فەرماندەی فەیلەقی چواری سوپای سووریا، هەروەها هەردوو فەرماندەی سەربازی سوپای سووریا غەسان عەباس و بەسام حەسەن دەرکردووە، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان هەبووە لە چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دژی خەڵکی سووریا. 
 
ژان سولزار و کلێمێنس ویت کە دوو پارێزەری فەرەنسین و بریکاری قوربانییانی هێرشەکانی سووریان، ئەو بڕیارەی حکومەتی فەرەنسایان بە "هەنگاوێکی گەورە و گرنگ" ناوبرد. 
 
هەروەها ئەو پارێزەرە فەرەنسیانە دەڵێن "لەڕووی یاساییەوە، ئەمە پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکانی ساڵی 2013ـی شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی غوتە و دوما. بەڵام ئەو چوار کەسەی ناویان هێنراوە بۆ بڕیاری دەستگیرکردن، دەکرێت لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بدرێت و بۆ لێکۆڵینەوە بهێنرێنە فەرەنسا." 
 
ئەو هێرشەی باسی لێوەدەکرێت، لە 21ـی ئابی 2013 روویدا و بەهۆیانەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون. 
 
هێرشەکان لە 21ـی ئابی 2013 کران، حکومەتی ئەسەد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کرا بەوەی گازی سارینی لەدژی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی غوتە و دوما بەکارهێناوە، کە ئەوکات هەردوو ناوچەکە لەلایەن گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکومەتی سووریاوە کۆنترۆڵ کرابوو.  
 
بەڵام حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاند، ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆیان کراوە، تاوەکو پاساو بۆ دەستوەردانی سەربازی بیانی دروست بکەن. 
 
لە دوای هێرشەکانیش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی کرد و باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئەسەد بۆ ئەمریکا "هێڵی سوورە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە