نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە زیاتر لە 21 هەزار کەس سووریایان جێهێشتووە

26-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی تووندوتیژییەکانی ئەم مانگەی ناوچە کەناراوەکانی سووریاوە زیاتر لە 21 هەزار هاووڵاتی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
 
رۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا گوتی، "21 هەزار و 637 هەزار سووریایی بەم دواییانە گەیشتوونەتە باکووری لوبنان."
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە شەڕ ناوچە کەناراوییەکانی سووریای گرتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزێکی ئاسایشی گشتیی سووریا کەوتە نێو بۆسەی چەکدارانی لایەنگری رژێمی پێشووی سووریا.
 
بە گوتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لە شەڕەکەدا لانیکەم 1500 کەس کوژران، کە زۆربەیان عەلەوی بوون.
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەو خێزانانەی کە رادەکەن، بە خاڵە سنوورییە نافەرمییەکاندا دەڕۆن، بە پێی پەتی لە رووبارەکان دەپەڕنەوە و زۆربەیان ماندوو، بریندار و برسین."
 
سووریاییەکان لە 23 گوند و شارۆچکەی پارێزگای عەکار لە لوبنان جێگیرکراون.
 
جگە لە هەڵاتنی بەشێکیان بۆ لوبنان، هەزاران هاووڵاتی عەلەوی لە کاتی گرژییەکاندا چوونە بنکەی ئاسمانیی حمێمیم لە لازقییە کە هێزەکانی رووسیای تێدا جێگیرن. 
 
دوای رووداوەکە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لێژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە