پێنتاگۆن رەتیدەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر رۆژهەڵاتی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رەتیدەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیی کردبێتە سەر پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی و بەشێک لە میدیاکانی ئێران و سووریاش دەڵێن، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە چەند ناوچەیەکی دێرەزوور بۆردوومان کراوە و فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانیش لەو هێرشەدا کوژراوە.
شەوی سێشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە بۆردوومانکردنی دێرەزوور دەکەن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو هیچ هێرشێکی ئاسمانیمان بۆسەر سووریا ئەنجام نەداوە."
لێدوانەکەی سابرینا سینگ لە کاتێکدایە، بەشێک لە میدیاکانی ناوچەکە و سەرچاوە خۆجێیەکان لە سووریا بڵاویانکردەوە، ناوچەیەکی دێرەزوور بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامدا حەوت سەربازی سووریا و فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون، ئەوەش جگە لە برینداربوونی 19 سەربازی سووری و 13 سڤیل.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا کارمەندێکیان بەناوی عیماد شەهاب، تەمەن 42 ساڵ، کوژراوە.
ئەمریکا لە مانگی شوباتەوە هیچ هێرشێکی لە عێراق و سووریا نەکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردوودا و دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 170 جار هێزەکانی ئەمریکایان لە عێراق و سووریا و ئوردن کردە ئامانج و لە بەرامبەریش ئەمریکا لانیکەم 10 جار هێرشی کردە سەر ئەو گرووپانە لە عێراق و سووریا.