ئەحمەد جەربا: دەبێت سووریا ببێتە خاوەن دەستوورێکی مۆدێرن

26-02-2025
مالیک محەممەد
 وێنەیەکی کۆڕبەندەکە.
وێنەیەکی کۆڕبەندەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی غەد-ی سووری و سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند، دۆخی ئێستای سووریا لێڵ و نادیارە. بەپێویستی دەزانێت سووریا ببێتە خاوەن دەستوورێکی مۆدێرن. 
 
لە پانێڵی چوارەمی سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر، سەرنج لەسەر داهاتووی دەسەڵاتداریی بوو لە سووریا، پانێڵەکە ناوی 'تێکەڵاوبوون بە دەوڵەت، جێگیرکردنی دەسەڵات و قۆناخی راگوزەری سیاسی؛ تەگەرەکانی سووریای دوای ئەسەد' بوو.  هەریەک لە د. پاتریک هەنیی، سەرۆکی رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی، ئەحمەد جەربا، سەرۆکی پارتی غەد-ی سووری و سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئەحمەد محێدی، راویژکاری رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی تێیدا بەشدار بوون.
 
ئەحمەد جەربا، سەرۆکی پارتی غەد-ی سووری و سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوتی: "پێویستە بۆ فەرمانڕەواییەکی ژیرانە چەند خاڵێک لەبەرچاو بگیرێت. یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە بەڕێوەبردنی تاکلایەنەی وڵات و دەسەڵاتێکی داپلۆسێن، چونکە ئەمە نزیکترین رێگەیە بۆ وێرانکردنی وڵات. دووەمیان پێویستمان بە حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانییە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن."
 
هەروەها دکتۆر پاتریک هەنیی، کە سەرۆکی رێکخراوی دیالۆگی مرۆییە، پێیوابوو، یەکەم ئاڵنگاری کە نەخشەی رێگەی داهاتووی سووریا دادەڕێژێت، چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنییە لە ناوچە جیاوازەکان. کۆنترۆڵکردنی هەندێک گرووپی ناڕێکخراو کە ئێستا و سبەیش نازاندرێت بە چی ئاراستەیەک هەنگاو دەنێن.
 
جەربا: سووریاییەکان لە شەڕ بێزار بوون
 
ئەحمەد جەربا، سەرۆکی پارتی غەد-ی سووری دەڵێت، "دۆخی سووریا لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا قۆناخی شۆڕش بوو، وڵات بەتەواوی شێواو بوو، چەندین سزای لەسەر بوو. رووخانی رژێم بەشێوەیەکی کتوپڕ وایکرد کە وڵاتان سیاسەتیان بگۆڕن."
 
ئەحمەد جەربا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا دڵخۆشییەکی زۆر هەیە لەلایەن گەلی سووریاوە بەهۆی رووخانی رژێم، ئەم قۆناخەی ئێستا قۆناخێکی راگوزەرە و گەلی سووریا هیواخوازن دەسەڵاتی نوێ بەدڵی ئەوان بێت، بەڵام دۆخەکە تاوەکو ئێستا لێڵ و نادیارە. دەستووری نوێ دەبێت سەردەمییانە بێت و دووربێت لە هەرجۆرێکی دیکتاتۆری."
 
بەبڕوای سەرۆکی پارتی غەد-ی سووری، "سووریاییەکان ئێستا خواست توانای ئەوەیان نەماوە جارێکی دیکە پەنا بۆ چەک هەڵگرتن ببەنەوە، چونکە چەندین ساڵی پڕ لە شەڕ و نائارامییان تێپەڕاندووە."
 
ئەحمەد جەربا: لەنێوان ئێمە و کورد دا نان و خوێ هەیە
 
حکومەتی کاتی سووریا، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەبێ بەشداریی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەڕێوەبرد، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش بە ناوی یەکپارچەیی خاکی سووریا هەڕەشە لە نەمانی ئیدارەی دیفاکتۆی رۆژئاوای کوردستان دەکات.
 
ئەحمەد جەربا لەبارەی کوردەوە دەڵێت، "ئێمە بە گرنگییەوە لە پێکهاتەی کورد دەڕوانین، کورد لە چەندین وڵاتەوە بەدرێژایی مێژوو زوڵمیان لێکراوە، دەتوانین بڵێین ئێستاش بەردەوامە، ئێمە لە تایبەتمەندی کورد و دۆخەکەی تێدەگەین کە خەڵکی دیکە بەو جۆرە لێی تێناگەن."
 
سەرۆکی پارتی غەد-ی سووریا گوتی: "لەنێوان ئێمە و کورد دا نان و خوێ هەیە و زۆر نزیکین لەیەکەوە، هەرچەند لە رابردوودا ئەگەر دوو هۆزی کورد دژی یەکدی بکەوتنایەتە جەنگ لای یەکێک لە هۆزەکانمان دەگرت دژی ئەوی دیکەیان، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ئێمە داوا لە هەموو لایەنە کوردییەکان دەکەین وەرن با پێکەوە مافەکانی ئێمە و ئێوەش بەدیبهێنین و کێشەکانیش چارەسەر بکەین."
 
ئەحمەد جەربا، کە سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە، بەپێویستی دەزانێت دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا چەند خاڵێک لەبەرچاو بگرن، لەوانە دوورکەوتنەوە لە بەڕێوەبردنی تاکلایەنەی وڵات و دەسەڵاتێکی داپلۆسێن، "چونکە ئەمە نزیکترین رێگەیە بۆ وێرانکردنی وڵات.
 
ئەحمەد جەربا گوتیشی، "پێویستمان بە حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانییە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان تێیدا بەشدار بن. راستەوخۆ دوای پێکهێنانی حکومەتەکە لیژنەی داڕشتنی دەستوور و لیژنەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی پێکبێت. ئەمانە گرنگترین فاکتەرن بۆ سەلامەتیی نیشتمانی."
 
"عەلەوییەکان گەورەترین ئاڵنگاریی سووریان"
 
پاتریک هەنی، سەرۆکی رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی لە پانێڵەکەدا رایگەیاند، "پێموایە یەکەم ئاڵنگاری کە نەخشەی رێگەی داهاتووی سووریا دادەڕێژێت، چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنییە لە ناوچە جیاوازەکان. کۆنترۆڵکردنی هەندێک گرووپی ناڕێکخراو کە ئێستا و سبەیش نازاندرێت بە چ ئاراستەیەک هەنگاو دەنێن."
 
پاتریک هەنی دەڵێت، "ئاڵنگاری عەلەوییەکان هەیە کە زۆربەیان ئەندامانی دەسەڵاتی پێشوو بوون. عەلەوییەکان لە ماوەی 5 دەیە لە تەواوی جومگە ئەمنی و سەربازی و سیاسییەکاندا پێگەی بەهێزیان هەبوو، چۆن رەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت. باس لە سەتان هەزار کەس دەکەم. هەندێک ناوچە هەیە تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراون. هەموو ئەمانە نیشانەی پرسیاری گەورەن."
 
پاتریک هەنی: نابێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  لە دیالۆگی نیشتمانی جیابکرێتەوە
 
سەرۆکی رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی رایگەیاند، "نابێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جیابکرێتەوە لەو دیالۆگە نیشتمانییە، هەرچەندە ئێستا هەندێک پەیوەندی لەنێوان دیمەشق و هەسەدە دا هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئاخۆ لە داهاتوو ئەو پەیوەندییە چۆن دەبێت؟"
 
بە بڕوای پاتریک هەنی، "خاڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە ئیدارەی ئێستای دیمەشق بە تەنیا خۆی نییە و چەندین وڵات لە دەوروبەر پشتگیری دەکەن و دەیانەوێت سەقامگیر و دیموکراسی بێت."
 
ئەحمەد محێدی: کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی، کۆنگرەیەکی میللی بوو
 
ئەحمەد محێدی، راوێژکاری رێکخراوی دیالۆگی مرۆیی گوتی، "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی، کۆنگرەیەکی میللی بوو وەک لەوەی کە پشت بە بنەمایەکی سیاسی ببەستێت، چونکە لە واقعیشدا لەسەر زەوی هەر ئەوانە بوون، ئەوانە کۆمەڵە خێڵێکی سوننە بوون و هەریەکە و دەستیان بەسەر ناوچەی خۆیاندا گرت و دواتر هاتنە دەسەڵات."
 
ئەحمەد محێدی دەڵێت، "کۆنتڕۆڵکردنی چەک و یەکڕیزی گرنگترین فاکتەری پێکهێنانی حکومەتی نوێیە، سەقامگیرکردنی هەموو سووریا لەم دۆخەدا و لە یەک کاتدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە حکومەتی ئێستا خواستی ئەوەی هەبێت هیچ لایەنێکی سیاسی پشتگوێ نەخات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: شەرع ئامادەیە بە مەرج پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا پێی گوتووە، ئامادەیە "لە هەلومەرجی گونجاودا" پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.