سووریا
سیامەند حاجۆ، کریستیان هۆمان و دلبخوین دارا، لە پانێڵی 'حکومەتە رۆژئاواییەکان و پرسی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد'
رووداو دیجیتاڵ
لە پانێڵی دووەمی سێیەمین کۆڕبەندی هەولێر، سەرنج لەسەر سووریا نوێ بوو. پانێڵەکە ناوی 'حکومەتە رۆژئاواییەکان و پرسی پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریای دوای رژێمی ئەسەد' بوو. تێیدا کریستیان هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و سیامەند حاجۆ، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانیی سووریا قسەیان کرد.
کریستیان هۆمان گوتی: ئێستا هەسەدە هەوڵدەدات چارەسەری کێشە ئەمنییەکان بکات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش پاڵپشتیی دەکات. سیامەند حاجۆش دەڵێت "کۆنەبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی کورد و یەکنەبوونی هەڵوێستیان، کێماسییەکی گەورەیە."
"پێویستە هەموو لایەنێک لە دیالۆگە نیشتمانییەکان بەشدار بن و قسەی خۆیان هەبێت"
کریستیان هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی "من، بەرپرسی هەرە باڵای ئەڵمانیا نیم لەبارەی سووریا، بەڵام باڵیۆزی عێراقم و هەوڵدەدەم لەبارەی سووریا وەڵام بدەمەوە، هەڵوێستی ئەڵمانیا هەمان هەڵوێستی ئەورووپایە و پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا دەکەین، ئیدی دیکتاتۆرییەت نەما، بەڵام ئاڵنگاری لە پێشە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و پێکەوەژیان."
کریستیان هۆمان دەڵێ "سووریا بە فرەییەکەی دەوڵەمەندە، چەندین نەتەوە و ئایین هەن لە سووریا کە دەبێت بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و پێویستە هەموو لایەنێک لە دیالۆگە نیشتمانییەکان دا بەشداربن و قسەی خۆیان هەبێت."
گوتیشی "بەرژەوەندیی هەموویان وا دەخوازێت؛ هەموو رەنگەکان لە دیالۆگە نیشتمانییەکانی سووریا بەشداربن."
"هەڵگرتنی سزای ئابووری لەسەر سووریا، مەرجدارە"
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەم دووشەممەیە وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا بڕیاریان دا گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر سووریا سووک بکەن، چونکە وڵات بەبێ ئابوورییەکی باش بونیادنانرێتەوە.'' بەڵام ئەمە هەموو مەرجدارە و ئەگەر هەنگاوەکان بە ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی سووریا نەنرێن، رەنگە رێکارەکان پێچەوانەوە ببنەوە و سزاکان وەکو خۆیان بمێننەوە."
"هەسەدە هەوڵدەدات چارەسەری کێشە ئەمنییەکان بکات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش پاڵپشتیی دەکات"
لەبارەی هەوڵی راگرتنی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی تورکیا پاڵپشتیان دەکات بۆ سەر هەسەدە، گوتی "ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە، بەڕاستی ئێمە نیگەرانین، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوەیە؛ دڵنیابینەوە لەوەی پرۆسەیەکی سیاسیی هەمەلایەنە لە سووریا هەیە، کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن و بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر، چونکە رێککەوتن بۆ یەک وڵاتە."
"ئێستا هەسەدە هەوڵدەدات چارەسەری کێشە ئەمنییەکان بکات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش پاڵپشتیی دەکات، ئەمە دەمێنێتەوە سەر پەیوەندییەکانی هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریا."
سیامەند حاجۆ: فیدراڵی بۆ هەموو سووریا باشە، نەوەک تەنیا بۆ کورد
سیامەند حاجۆ، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەرەی کوردستانی سووریا، یەکێک بوو لە قسەکەرانی پانێڵەکە. لەبارەی فیدراڵییەوە گوتی "دەبێ ئەوە بزانین؛ فیدراڵی تەنیا مافی کورد نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی هەموو سووریایە. ئەمە تەنیا بۆ کورد باش نییە، بۆ هەموو سووریا باشە."
حاجۆ دەڵێت "دەبێ سوورییەکان بگەنە ئەو باوەڕەی فیدراڵی تەنیا بۆ کورد گرنگ نییە، بۆ هەموو سووریا گرنگە. فیدراڵی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیایە، لە ئەڵمانیا و سویسرا وەکو یەکدی نییە، هەر وڵاتێک بەپێی مێژووەکەی دەگۆڕێت. "راستە فیدراڵی مافی کورد دەپارێزێت، ئەمە لەبەرئەوەیە کە متمانە نییە. چونکە دیموکراتی مافی نەتەوەکان و هاووڵاتی ناپارێزێت."
"دەسەڵاتی نوێی سووریا، یەک کوردی تێدا نییە"
سیامەند حاجۆ، رەخنە لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەگرێت. "ئەمانەی ئێستا لە سووریا هاتوونەتە سەر دەسەڵات و حکومەتێکی کاتییان پێکهێناوە، یەک کوردیان تێدا نییە. دوێنێ کۆنگرەی نیشتمانییان بەست، لە 600 کەس تەنیا 6 کورد ئامادە بوون، ئەمە دەڵێت: دەبێ گەرەنتییەکی دەستووریمان هەبێت. ئەوەش تەنیا فیدراڵی دەیدات."
"ئێمە دەزانین ژمارەیەکی زۆری سوورییەکان حکومەتێکی ناوەندی دەخوازن، باشە کێشە نییە، دەکرێ ناوەندی بێت و شام حوکم بکات، بەڵام با هەرێمی ئۆتۆنۆمی هەبێت، ئەمەش تەنیا داوای کورد نییە و پێکهاتەی دیکەش داوای دەکەن."
"ئەحمەد شەرع وێنە لەگەڵ تیکتۆکەرێک دەگرێت بەڵام پێشوازی لە کورد ناکات"
بە بڕوای سیامەند حاجۆ، هەنگاوەکانی ئیدارەی ئێستای سووریا، جیاوازیی زۆری لەگەڵ حکومەتی بەعس نییە، هەمان هەنگاوەکانی ئەوی گرتووەتەبەر لە دژی کورد. ''ئەحمەد شەرع، وێنە لەگەڵ تیکۆکەرێک دەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پێشوازی لە کوردێک نەکردووە، نە سیاسییەک و نە چالاکڤانێک. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەیانەوێ کورد لە پرۆسەی سیاسی دووربخەنەوە."
حاجۆ دەڵێت "زۆر شاندی کورد چوونەتە شام، تاوەکو ئێستا ئەحمەد شەرع لەگەڵیان دا کۆنەبووەتەوە، وەکو گوتم: ئەحمەد شەرع وێنە لەگەڵ تیکتۆکەرێک دەگرێت بەڵام وێنەیەکی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی نەگرتووە. ئەمە نیشانەیەکە کە ئەوان کێشەیەکیان لەگەڵ کورد دا هەیە."
کێماسیی کورد و بەرپرسیاریێتی پەیەدە و ئەنەکەسە
حاجۆ دان بەوەدا دەنێت کوردی رۆژئاڤاش کێماسی هەیە. "ئێمەی کوردیش کێماسیمان هەیە، دەستەی تەحریری شام لە دوو مانگدا توانی حەلەب و شام کۆنترۆڵ بکات و حکومەتی کاتی رابگەیێنێت و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستێت، بەڵام حیزبە سیاسییەکانی کورد، نەیانتوانی پێکەوە دابنیشن بۆ ئەوەی بزانن چیان دەوێ لە حکومەتی نوێی سووریا."
گوتیشی "پێویستە شاندێکی یەکگرتووی سیاسیی کوردی بە یەکدەنگی بچووبایە شام، هەردوو گرووپی سیاسیی سەرەکی ئەنجوومەنی نیشتمانی و پەیەدە بەرپرسیارن لەمە. ئەگەر پێکەوە کاریان کردبا، دەمێک بوو بەدەمیانەوە هاتبوون."
کریستیان هۆمان: بۆ دەرهێنانی ناوی ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆر، هێشتا بڕیارمان نەداوە
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، کریستیان هۆمان گوتی "نابێ لە سووریا کەس دووبخرێتەوە، دۆخەکە پێویستی بە بۆچوونی هەموولایەکە بۆ ئەوەی بگەیتە چارەسەرێکی هەمەلایەن."
بە گوتەی هۆمان دەبێ خەڵکی سووریا هەست بە بەشداری لە حوکمڕانی بکات نەوەک پەراوێزخستن، دەبێ خەڵکی سووریا بڕیار لەبارەی خۆیانەوە بدەن نەوەک ئێمە.
لەبارەی دەرنەهێنانی ناوی ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵیشی، گوتی "ئێمە دەبێ سەیری رەفتارەکان بکەین نەوەک گوفتار و راگەیێندراو، بۆیە هێشتا بڕیارمان نەداوە، ئێمە راگەیێندراوی زۆر دەبینین، بەڵام دەبێ راستی رووداوەکان ببینین و بزانین چی دەگوزەرێت."
"ئێمە زۆر بە وردی چاودێریی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند، مافی هەموو لایەک دەستەبەر دەکات." ئەمەش گوتەی کریستیان هۆمان بوو لە پانێڵەکەدا.
سێیەم کۆڕبەندی هەولێر، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-2-2025) بە ناونیشانی "نادڵنیاییە کەڵەکەبووەکان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا" دەستیپێکرد و تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
کۆڕبەندەکە زەوینەی گفتوگۆ و پێشنیازی چارەسەر بۆ دۆخی سووریا، تورکیا، عێراق و ناوچەکە دەڕەخسێنێت، لەگەڵ دەرفەتەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتدا.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە ناوەندە دیارەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، کۆڕبەندی هەولێر بەڕێوەدەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ