هەسەدە: 14 چەکدارمان کوشتن
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، بەرپەرچی سەرجەم هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانیان داوەتە، کە ئەمڕۆ کردوویانەتە سەر گوندەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی شاری منبجی سەر بە پارێزگەی حەلەب.
چوارشەممە (25-12-2024) ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، سەرجەم هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج وەڵامدراونەتەوە، لە ئەنجامدا 14 چەکداری "سوپای نیشتمانیی سووریا" کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون.
ئەو شەڕ و پێکدادانانەی هەسەدە ئاماژەی پێداون لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەبو قەلقەلی باشووری رۆژهەڵاتی منبج و گوندەکانی باکووری بەنداوی تشرین روویانداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، "دوو زرێپۆش، دوو ئۆتۆمبێل، کە دۆشکەیان لەسەر بووە لەگەڵ دوو ماتۆرسکیل"ـی چەکدارەکان تێکشکێندراون. هەسەدە دەڵێت دواتر گرتەی ڤیدیۆیی تێکشکاندنی ئامێرەکانی چەکدارەکان لەلایەن هێزەکانیانەوە بڵاودەکرێنەوە.
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی" لە 25ـی 11ـی 2024 لەدژی سوپای سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبج دا گرت، ئێستاش دەیانەوێت دەست بەسەر بەنداوی تشریندا بگرن، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.