هەسەدە: ئامادەین بچینە نێو سوپای نوێی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئامادەن ببنە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا. دەشڵێت، پەکەکە لە دەرەوەی سنووری ئەواندایە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2024) فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای بەریتانیی راگەیاند ئامادەن ببنە بەشێک لە سووپای نوێی سووریا. دەشڵێت، ئەم هەنگاوە هاوشانە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ رێکخستنی هێزەکانی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا.
ئەو گوتانەی شامی دوای ئەوە دێن؛ دوێنێ میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە کۆبوونەوەیەکدا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، رازیبوون بچنە ریزی سوپای سووریاوە.
شامی گوتی، پێشوازی لە هەموو چارەسەرێکی ئاشتییانە دەکەن، بەڵام ئامادەکاری پێویستیشیان بۆ شەڕ کردووە، بەتایبەت دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی بە نزیک لە تورکیا دادەندرێن. جەخت لەوەش دەکاتەوە، "تورکیا دەیەوێت رووبەری زیاتر لە خاکی سووریا کۆنترۆڵ بکات و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بەتووندی دژی ئەوەن."
لە ساڵانی 2016 بۆ 2019 تورکیا و گرووپە نزیکەکانی، بە سێ ئۆپەراسیۆن هێرشیان کردە سەر باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 7 هەزار کیلۆمەتر دووجای ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووە.
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، دەسەڵاتی ئەسەد رووخا. دوای ئەوە، ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتان سەردانی سووریایان کرد و حکومەتی کاتی لەو وڵاتە تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهات. گەورەترین نیگەرانیی ئەمنی ئەمریکا لەو وڵاتە، چەکدارانی داعشن، بەڵام بۆ تورکیا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوان، بەتایبەت پەیەدە کە پێیوایە لە پەکەکەوە نزیکە.
سەبارەت بە پەکەکە، شامی گوتی چالاکییەکانیان لە خاکی تورکیادان و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نییە.