رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنەکەسە رایدەگەیێنێت، ئیرادەی رێککەوتنیان هەیە و دەڵێت، "ئێمە جیدین لەسەر رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە".
سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە، رۆژی )چوارشەممە، 25-12-2024)، بە رووداوی گوت: " کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەسەدە ئەنجامی نەبووە، بەڵام مادام کۆبوونەوە دەکرێت؛ واتە کار دەکرێت و ئەنجامیش دەبێت".
سەرۆکی ئەنەکەسە پێداگری دەکات لەسەر مکوڕ بوونیان لەسەر رێککەوتن و دەڵێت: "هێزی نێودەوڵەتیش لەگەڵ هەردوولامان کۆدەبنەوە و هەوڵی لێکنزیککردنەوەمان دەدەن".
بە گوتەی سلێمان ئۆسۆ، دەیان خاڵی ناکۆک لەنێوان هەسەدە و ئەنەکەسە هەن، "بەڵام گفتوگۆ دەکەین و نابێ یاری بە سۆزی میللەتەکەمان بکەین و دەبێ واقیعی بین."
رۆژی سێشەممەی رابردوو، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی تل بەیدەر لە گوندەواری باکووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد- ئەنەکەسە راگەیێندراوێکی بەناوی راگەیێندراوی هاوبەشی نێوان ئەنەکەسە و فەرماندەی هەسەدە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو: "بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دیدارێک لە نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵووم عەبدی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی دروستکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی سووریای نوێدا".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیدارەکان بە خێرایی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
سلێمان ئۆسۆ، لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی: "گفتوگۆکان بەردەوامن و پشت بەخوا ئەنجامیان دەبێت، کۆبوونەوەیەکمان کردووە و ئیرادەیەک هەیە بۆ رێککەوتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ