رێکخراوی جیهانیی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی: نیگەرانی چەکە کیمیاییەکانی سووریاین

 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی جیهانیی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت، لە راپۆرتەکانی حکومەتی سووریا لەبارەی چەکە کیمیاییەکان نیگەرانن و "بۆشایی گەورە دەبینن". هەروەها، گومان هەیە کە چەکی کیمیایی لە وڵاتەکە هەبێت و باس نەکرابێت.
 
رۆژی دووشەممە 25-11-2024 رێکخراوی جیهانیی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) لە کۆبوونەوەی ساڵانەیدا، نیگەرانیی خۆی لە چەکە کیمیاییە قەدەخەکراوەکانی نێو سووریا دەربڕی.
 
فێرناندۆ ئاریاس، بەڕێوەبەڕی گشتیی رێکخراوەکە گوتی: "هەرچەندە نزیکەی 10 ساڵە کاری بەردەوام دەکرێت، بەڵام نەتوانراوە دۆسیەی کۆماری سووریای عەرەبی دابخرێت."
 
رێکخراوەکە پرسیاری لەسەر (جاڕنامەی چەکی کیمایی سووریا) هەیە و دەڵێت: "لە راپۆرتەکانی حکومەتی سووریا لەسەر کۆگەکانی چەکی کیمیایی، بۆشایی زۆر هەن. گومان هەیە کە چەکێکی زۆری کیمیایی لەنێو کۆگەکاندا هەبن و لە راپۆرتەکاندا باس نەکرابن."
 
رێکخراوی OPCW کە بارەگای سەرەکی لە شاری لاهای لە هۆڵەندایە، پێشتر چەند جارێک تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە بە چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل.
 
ئاریاس گوتی: "لە ساڵی 2014ـوە سکرتارییەتی رێکخراوەکەمان راپۆرتیان لەسەر 26 کێشەی چەکی کیمیایی سووریا داوە، حەوت کێشەیان چارەسەرکراون. ئەو 19 کێشەیەی کە هێشتا ماون چارەسەر بکرێن، جێگەی نیگەرانیی جیدین، چونکە لەوانەیە چەندین چەکی کیمیایی و قەدەخەکراو لە سووریا هەبن و ئاشکرا نەکرابن."
 
سووریا لە ساڵی 2013 بڕیاری دا ببێتە ئەندامێکی رێکخراوەکە بۆ قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، ئەمەش دوای ئەوەی لە "هێرشێکی کیمیایی" لە نزیک دیمەشق، هەزار و 400 کەس کوژران.
 
لە ساڵی 2017، تۆمەتی ئەوە خرایە پاڵ حکومەتی بەشار ئەسەد کە گازی ژەهراوی لە دژی سڤیلەکاندا بەکارهێناوە.
 
لە ساڵی 2018، رێکخراوی OPCW راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرکۆنەی سووریای کرد، بەوەی لە هێرشێکدا "گازی کلۆرین"ـی بەکارهێناوە و 43 کەس بەهۆیەوە کوژراون. ئەم راپۆرتە بووە هۆی تەنگژەی زۆری دیپلۆماسی لە نێوان دیمەشق و وڵاتانی رۆژئاوا.
 
حکومەتەکەی ئەسەد هەموو ئەو تۆمەتانەی تاوەکو ئێستا رەتکردوونەتەوە و رایگەیاندووە: "هەموو ئەو کۆگایانە لەنێوبراون کە چەکی کیمیاییان تێدابوو."
 
جەنگی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە چەند "رێپێوان و خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەی سەرکوتکرد."
 
تاوەکو ئێستا جەنگەکە  بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە. هەروەها، ژێرخان و پیشەسازیی وڵاتەکەی وێرانکردووە.