شەڕ لەنێوان هەسەدە و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن لە باب روویدا؛ 15 چەکدار کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، لانیکەم 15 چەکداری گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای نزیک لە تورکیا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە لە دەوروبەری حەلەب کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، شەڕڤانان چوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکان و دواتر "هەردوولا کەوتوونەتە شەڕ و پێکدادانی سەخت" و لە ئەنجامدا 15 چەکداری ئەو گرووپانە کوژراون.
 
تاوەکو ئێستا هەسەدە هیچی لەبارەی رووداوەکە نەگوتووە. ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس دەڵێت، شەڕەکە لەنزیک شاری باب بووە. بەرپرسانی ئەو شارەش رایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە قوتابخانەکان دادەخرێن.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامدایە دژی شانە نووستووەکانی داعش.
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
 
تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی لایەنگری لە ساڵی 2016ـەەوە بەشێکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکردووە، ئەوەش دوای ژمارەیەک لەشكرکێشیی یەک لەدوای یەک کە  زۆربەیان دژی هەسەدە بوون.