دوو بەرپرسی ئەمریکی: دوو هەزار سەربازمان لە سووریان

25-11-2017
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن سووریا ئەمریکا
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاند وڵاتەکەیان دوو هەزار سەربازی لە سووریا جێگیر کردووە و پێشبینی دەکەن وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو زانیارییە پشتڕاستبکاتەوە.


ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، پێشبینی دەکەن پێنتاگۆن دووشەممەی داهاتوو ئاشکرای بکات، کەوا زیاتر لە دوو هەزار سەربازی لە سووریان.

بەپێی قسەی ئەو دوو بەرپرسە، ئەمریکا هێزی لە سووریا زیاد نەکردووە، بەڵام ئەمە تەنیا ژماردنی هێزەکانی ئەو وڵاتەیە لە سووریا بە وردی، کە بەردەوام گۆڕانکاری لە ژمارەیان دەکرێت.

سوپای ئەمریکا پێشتر رایگەیاند، کەوا نزیکەی 500 سەربازی لە سووریان و زۆربەیان پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەکەن.

بەپێی دوا راگەیێندراوی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێنج هەزار و 262 سەربازی لە عێراقن و 503 سەربازیشی لە سووریان، بەڵام چەند بەرپرسێک پێشتر رایانگەیاند ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە لەوە زیاترە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە