سووریا: ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر دیمەشق

رووداو - هەولێر

حکومەتی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکێکی شاری دیمەشق و لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەربازێکی سووری برینداربووە.
 
رۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل مووشەکێکی ئاڕاستەی گەڕەکی دیماسی شاری دیمەشق کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە هێرشەکە لە باکووری فەلەستینەوە کراوەتە سەر ئەو گەڕەکە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەربازێک برینداربوو.
 
ئیسرائیل کە بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکان دەدات، بەڵام دانی بەوەداناوە کە لەم مانگەدا سەتان هێرشی ئەنجامداوە. بەگوێرەی دانیشتووانی ناوچەکە لە کاتی هێرشەکە دەنگێکی زۆر بەرز بیستراوە.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، مووشەکەکەی ئیسرائیل ئاڕاستەی گەڕەکی دیماس لە شاری دیمەشق کراوە کە گەڕەکێکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئەو گرووپە چەکدارانەن کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
 
رۆژی هەینی 21ـی تشرینی یەکەمی 2022، رێکخروی چاودێریی جەنگ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی سووریا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق. لە مانگی ئەیلوول، لە ئەنجامی هیرشێکی سەربازیدا بۆسەر دیمەشق پێنج سەربازی هێزەکانی سووریا کوژران. لە مانگی حوزەیران، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق دوو هەفتە فڕۆکەخانەکە داخرا.
 
لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011، ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێی، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە لانکەی ئەو هێزە چەکدارانەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. ئیسرائیل لەبارەی ئەو هێرشانە پێشتر رایگەیاندووە لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەتوانێت رێگە لە نزیکبوونەوەی ئەو هێزانە بگرێت کە نیازی هاتنە سەر سنووری ئیسرائیلیان هەیە.