رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی لەندەن بڵاویکردەوە، لە فڕۆکەخانەی لەندەن پیاوێکی تەمەن 31 ساڵیان بە تۆمەتی چوونە سووریا بۆ چوونە پاڵ گرووپێکی "تیرۆریستی" و، کاری "تیرۆریستی" دەستگیرکردووە.
رۆژی شەممە، 25ـی ئایاری 2024، پۆلیسی لەندەن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "عیسا گیگای تەمەن 31 ساڵ کە پێشتر دانیشتووی لەندەن بوو، بە تۆمەتی کاری تیرۆریستی و چوونە سووریا بۆ شەڕکردن بۆ گرووپی جەیشولعەدل، دەستگیرکردووە."
پۆلیس دەشڵێت، بەگوێرەی بڕگەی پێنجەمی یاسای تیرۆری ساڵی 2006، پیاوەکەیان دەستگیرکردووە.
گرووپی جەیشولعەدل لە باکووری رۆژئاوای سووریان و بە نزیک لە تورکیا دادەندرێت. ساڵی 2015 بە یەکگرتنی چەند گرووپێکی دیکە لە پارێزگای ئیدلب دروستبوو؛ لەو ساڵەدا، گرووپەکە حەوت هەزار چەکداری هەبوو.
پۆلیسی لەندەن ئاماژەی بەوەش کردووە، دوێنێ دوای گەیشتنی ئەو پیاوە لە تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی لەندەن، دەستگیرکراوە؛ دواتر گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە.
دۆمینیک مورفی، بەرپرسی فەرماندەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری بەریتانیا گوتی، "لەبارەی ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ئەو پیاوە کراونەتەوە ناتوانم هیچ بڵێم، چونکە هێشتا لێکۆڵینەوە لەو کەیسە تاوانکارییە بەردەوامە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ماوەیەکی زۆرە بە روونی رامانگەیاندووە، هەرکەسێک بگەڕێتەوە بەریتانیا و گومانی هەر چالاکییەکی تیرۆریستی لێبکەین، دەبێت پێشبینی ئەوە بکات لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەین."
بەگوێرەی پۆلیسی لەندەن، بڕیارە ئەمڕۆ لە لەندەن لە دادگەی ویستمینستەر ماجیسترەیت پیاوەکە دادگەیی بکرێت.
بەگوێرەی سەنتەری سۆوفان کە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەمنی و تیرۆریستیدا کاردەکات، لە 2011ـەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، 14 هەزار کەس بۆ چوونە پاڵ گرووپە چەکدارەکان چوونەتە ئەو وڵاتە، لەو ژمارەیەش لانیکەم 400ـیان بەریتانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ