سووریا: سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا رێگە لە گەیشتنی هاریکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دەگرن

25-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سووریا سەرکۆنەی سزای یەکێتیی ئەوروپا بەسەر دوو ئامۆزای بەشار ئەسەددا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا کاریگەریی خراپیان لەسەر گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچەکانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 25-4-2023، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، یەکێتیی ئەوروپای بەوە تۆمەتبارکرد کە سزا سەپێندراوەکانی بەسەر ئەو کەسایەتییانەی سووریادا کاریگەرییان لەسەر ژیانی سووریاییەکان دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 24-4-2023، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر وەسیم بادی ئەسەد و سەمیر کەمالدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی لە قاچاخچێتیی کاپتاگۆن تێوەگلاون. ئەو دوو کەسایەتییە ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریان و رۆڵی گرنگیان لە بازرگانی و ئابووریی سووریادا هەیە.
 
یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی سزاکانەوە رایگەیاند، سزاکان هیچ کاریگەرییەک ناکەنە سەر گەیاندنی هاریکاری بۆ هیچ ناوچەیەکی سووریا.
 
سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا تەنیا ئەو دوو ئامۆزایەی بەشار ئەسەدیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو 25 بەرپرسی حکومەتی سووریا و 8 کەسایەتیی دیکەیشی گرتووەتەوە.
 
یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتیشدا سەپاندووە کە گوایە یارمەتیی حکومەتی سووریایان داوە لە کۆکردنەوەی چەکداردا؛ هەروەها سزای بەسەر کۆمپانیایەکی ئەندازیاری و بنیاتنانی رووسیادا سەپاندووە بە تۆمەتی کۆنترۆڵکردنی گەورەترین کێڵگەی فۆسفات لە سووریا.
 
23ـی شوباتی ئەمساڵ، دوابەدوای ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، بۆ ماوەی شەش مانگ سزاکانی لەسەر سووریا سووک دەکات تاوەکو هاریکاریی بگاتە ناوچەکانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا باس لەوە دەکات، سزاکان کەمنەکراونەتەوە و ئەو قسانە هەموویان "پڕوپاگەندە بوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە