لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە سووریا 5 کەس کوژران

25-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی سووریا دەڵێن، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر پارێزگای دەرعای باشووری ئەو وڵاتە و لانیکەم 5 کەس کوژراون. وەزارەتی دەرەوەی سووریاش هێرشەکە بە "پێشێلکارییەکی زەوقی سەروەریی سووریا" ناودەبات.
 
رۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 نووسینگەی پارێزگاری دەرعا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی کویا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم پێنج کەس.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئیسرائیل دوای بۆردوومانکردنی شارۆچکەکە، بە تانکیش تۆپبارانیان کردووە، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە دانیشتووان شوێنی خۆیان جێبهێڵن.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، یەکەیەکی سوپای ئیسرائیل چووەتە نێو شارۆچکەکە.
 
سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنەکەی بکات، گوتی، هێزەکانیان "ژمارەیەک تیرۆریستیان دەستنیشان کردووە،" کە ویستوویانە لە باشووری سووریاوە تەقەیان لێبکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش، سەرکۆنەی "دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سووریا" کرد، بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی سووریا"ی ناوبرد.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر چەند پێگەیەکی ستراتیژیی سەربازی لە تەدموور و بنکەی ئاسمانی T-4."
 
هەردوو بنکەکە لە سەردەمی شەڕی نێوخۆی سووریادا بە پێگەی ستراتیژی دادەنران و لەلایەن سوپای سووریاوە بەکاردەهێندران.
 
بنکەی سەربازیی تەدموور دەکەوێتە نزیک شاری مێژوویی تەدموور لە نێوەڕاستی سووریا و نزیکەی 215 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی دیمەشقەوە دوورە؛ بنکەی سەربازی T-4 دەکەوێتە نزیک گوندی تیاس لە پارێزگای حمس.
 
لە ساڵی 2011ەوە ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.
 
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل زیاتر چووە نێو خاکی سووریا.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بیەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە