هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا کرانە ئامانج

25-03-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سووریا بە 10 مووشەک کرانە ئامانج و سوپای ئەمریکاش دەڵێت، زیانی بۆ سەر هێزەکانیان نەبووە. 
 
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەیانیی رۆژی 24ـی ئادار، کاژێر 8:05 خولەک بەکاتی نێوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] بە 10 مووشەک هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە گوندی سەوزی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرانە ئامانج." 
 
سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان نەبووە.
 
یەکێک لە مووشکەکان "بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە دووری بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە" و بەهۆیەوە زیان بەر خانوویەک کەوتووە و دوو ژن و دوو منداڵیش بەهۆیەوە "بە سووکی بریندار بوون." 
 
بنکەی گوندی سەوزی ئەمریکا دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەدایە و سوپای ئەمریکاشی تێدایە. 
 
جۆ بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەم جۆرە هێرشانە نەک هەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییە، بەڵکو گیانی خەڵکی سڤیل و ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی سووریا و ناوچەکەش دەخەنە مەترسییەوە." 
 
سوپای ئەمریکا دەشڵێت، "سەرۆک بایدن بە روونی گوتوویەتی کە هەموو رێکارە پێویستەکان دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەرگریی لە خەڵکی خۆمان بکەین و هەمیشە لە کات و شوێنی دیاریکراودا وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە." 
 
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی 24ی شوباتی 2023، پێنتاگۆن لە تۆڵەی هێرشێکی رۆژێکی پێشتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، سێ پێگەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج و لەو هێرشانەدا "لانیکەم 14 کەس کوژران."
 
رۆژی پێنجشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کەنەدا رایگەیاند، ئەوان نایانەوێت لەگەڵ ئێران بکەونە شەڕەوە، بەڵام گوتیشی کە "بەهێزەوە" وەڵام دەدەنەوە بۆ ئەوەی سەربازەکانیان لە سووریا بپارێزن. 
 
پێکدادانەکان لە سووریا تاوەکو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش بەردەوام بوون؛ بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند لە ئەنجامی مووشەکبارانی دوێنێ شەو، سەربازێکیان برینداربووە. 
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە