کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا: هەر هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بێت لە دەرەوەی یاسایە

25-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا راگەیێندراوی کۆتایی بڵاوکردەوە. جەختی لەوە کردەوە، چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت و سوپایەکی نیشتمانیی پیشەیی بنیاد دەنرێت. هەر پێکهاتەیەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بە گرووپی نایاسایی دادەنرێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، بە ئامادەبوونی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لە کەشێکدا کە رێککەوتن و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی زاڵ بوو، کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی لە کۆشکی گەل لە دیمەشق بەڕێوەچوو. دوای کردنەوەی کۆنگرەکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، بەشداربووان بەسەر هۆڵەکانی گفتوگۆدا دابەش بوون و، دەستیان کرد بە گفتوگۆیەکی شەفاف و گشتگیر لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکان و گەیشتن بە 18 خاڵی هاوبەش.
 
ئاماژەی داوە، بە پاراستنی یەکێتیی کۆماری عەرەبی سووریا و سەروەریی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا، رەتکردنەوەی هەر شێوازێک لە شێوازەکانی پارچەبوون و دابەشبوون، یان دەستبەرداربوون لە هەر بەشێک لە خاکی نیشتمان، "شەرمەزارکردنی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا، بە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی دەوڵەتی سووریا دادەنرێت و، داواکردنی کشانەوەی دەستبەجێ و بێمەرجی و رەتکردنەوەی لێدوانە ورووژێنەرەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە هەرێمییەکان کە بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر گەلی سووریا هەڵبگرن، و گوشار بکەن بۆ راگرتنی دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان."
 
"چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت"
 
راگەیێندراوی کۆتایی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی "چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت، سوپایەکی نیشتمانیی پیشەیی دروست دەکرێت، هەر پێکهاتەیەکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان بە گرووپی نایاسایی دادەنرێت."
 
هەروەها داوای خێراکردنی راگەیاندنی دەستوورێکی کاتی کرد کە گونجاو بێت لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناخی گواستنەوە و دڵنیابوون لە پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووری، بە شێوەیەک کە کارەکانی دەوڵەتی سووریا خێرا بکات.
 
لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر "پێویستی خێراکردن لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی یاسادانانی کاتی، کە ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانان هەڵبگرێت، بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و نوێنەرایەتی دادپەروەرانە".
 
راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا ئاماژەی داو بە "پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستووری بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ وڵات، کە هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکاندا بەدیبهێنێت، بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی بچەسپێنێت و بناخەی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان دابمەزرێنێت".
 
وێڕای جەختکردنەوە لەسەر "بەهێزکردنی ئازادی وەک بەهایەکی باڵا لە کۆمەڵگەدا، بەو پێیەی دەسکەوتێکی گرانبەهایە گەلی سووریا خوێنی لەپێناودا داوە".
 
"رەتکردنەوەی جیاکاری"
 
ئاماژە بەوە دراوە، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، پشتیوانیکردن لە رۆڵی ژن لە هەموو بوارەکاندا، پاراستنی مافەکانی منداڵ، چاودێریکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کاراکردنی رۆڵی گەنجان لە دەوڵەت و کۆمەڵگە و چەسپاندنی بنەمای هاووڵاتیبوون، رەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی جیاکاری لەسەر بنەمای رەگەز یان ئایین یان مەزهەب، بەدیهێنانی بنەمای یەکسانی دەرفەتەکان، بەدوور لە پشکپشکێنەی رەگەزی و ئایینی".
 
هەروەها جەختی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری گواستنەوە کردەوە، لە رێگەی لێپرسینەوە لە بەرپرسان لە تاوان و پێشێلکارییەکان و چاککردنی سیستەمی دادوەری و دەرکردنی یاسا پێویستەکان، میکانیزمە گونجاوەکان بۆ دڵنیابوون لە بەدیهێنانی دادپەروەری، گێڕانەوەی مافەکان و چەسپاندنی بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا و رەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی تووندوتیژی و هاندان و تۆڵەکردنەوە، بە شێوەیەک کە ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات.
 
راگەیێندراوەکە سەرنجی خستووەتە سەر "بەدیهێنانی گەشەپێدانی سیاسی بەپێی ئەو بنەمایانەی کە بەشداری هەموو چینەکانی کۆمەڵگە لە ژیانی سیاسیدا دەستەبەر دەکات، دەرکردنی یاسا گونجاوەکان بۆ ئەو کارە، جەختکردنەوە لەسەر رێکارەکانی دوورخستنەوەی سیاسی بەپێی بنەما و پێوەرە دادپەروەرانەکان".
 
هەروەها ئاماژەدان بە "دەستپێکردنی گەشەپێدانی ئابووری، پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی، لە رێگەی وەرگرتنی سیاسەتی ئابووری هاندەرەوە، کە گەشە بەهێز دەکات و هاندەدات بۆ وەبەرهێنان و پاراستنی وەبەرهێنەر و وەڵامی پێداویستییەکانی گەل دەداتەوە و پشتیوانی لە پێشکەوتنی وڵات دەکات".
 
"هەڵگرتنی سزاکانی نێودەوڵەتی"
 
بانگەوازی کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی نێودەوڵەتی کە بەسەر سووریا سەپێنراون، کە دوای رووخاندنی رژێم بوونەتە بارگرانییەکی راستەوخۆ بەسەر گەلی سووریاوە، ئەمەش لە ئازارەکانی زیاتر دەکات و رێگری دەکات لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەنابەران.
 
هەروەها راگەیێندراوی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی سوریا دووپاتی کردەوە لەسەر "چاککردنی دامەزراوە گشتییەکان، دووبارە بنیادنانەوەیان، دەستپێکردنی پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی، بە شێوەیەک کە کارایی دامەزراوەکان بەهێز بکات، چالاکییەکانیان زیاد بکات، یارمەتی بدات لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئیفلیجی کارگێڕی، سەرنجدان لە پێوەرەکانی دامەزراندن لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و پاکی و لێهاتوویی".
 
هەروەها جەختی کردووەتەوە لە هەمبەر "پێویستی بەشداریکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگا، کاراکردنی رۆڵی کۆمەڵە ناوچەییەکان بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە ئاوەدانکردنەوەدا، پشتیوانیکردنی دەوڵەت بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەک کە رۆڵێکی کاریگەریان لە بەدیهێنانی گەشەپێدان و ئاشتیدا دەستەبەر بکات".
 
هەروەها، ئاماژەی داوە بە "پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە، چاککردنی پرۆگرامەکان، دانانی پلان کە ئامانج لێی پڕکردنەوەی کەلێنە پەروەردەییەکان بێت، دڵنیابوون لە پەروەردەی کوالێتی، گرنگیدان بە پەروەردەی پیشەیی، بۆ دروستکردنی دەرفەتی کاری نوێ، بەستنەوەی پەروەردە بە تەکنەلۆژیاوە بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو".
 
"بەهێزکردنی کولتوری گفتوگۆ"
 
هاوکات جەختکردنەوە لەسەر "بەهێزکردنی کولتوری گفتوگۆ لە کۆمەڵگەی سووریا، و بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەسەرجەم ئاست و پلەکاندا، و دۆزینەوەی میکانیزمە گونجاوەکان بۆ ئەوە، و پابەندبوون بە بنەمای شەفافیەتەوە، راپۆرتێکی ورد لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەردەچێت، کە بەشدارییەکان و رای ئامادەبووان لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەخاتەڕوو".
 
کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا بەڵێنیدا کە "بۆ هەمیشە زیندوو راگرتنی یادی شەهیدان کە گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئێمە ئازادی بەدەستبهێنین، بۆ هەموو برینداران و دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنەکان و ئاوارەکان و کەسوکاریان و خاوەن پەرۆشانیان، بۆ هەموو ئەوانەی قوربانییان لە گەلی سووریاوە بەخشی، ئەوا ئەم راگەیێندراوە نوێنەرایەتی پەیمانێک و میساقێکی نیشتمانی دەکات کە سەرجەم هێزە کاریگەرەکان پابەندی دەبن، و هەنگاوێکی سەرەکییە لە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتی نوێی سووریا، دەوڵەتی ئازادی و دادپەروەری و یاسا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی: شەرع ئامادەیە بە مەرج پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قوناخی راگوزەری سووریا پێی گوتووە، ئامادەیە "لە هەلومەرجی گونجاودا" پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.