رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی سووریا لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی رایگەیاند هۆشداری بە هەموو ئەوانە دەدەن، کە یەکگرتوویی سووریا دەخەنە مەترسییەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 25-2-2025) لە کۆنگرەکە لە دیمەشق پێشکێشی کرد، رایگەیاند پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاوبکرێن.
ئەحمەد شەرع گوتی، "مێژووی سووریا بەدرێژایی سەدەیەک، بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێپەڕی. لەو ماوەیەدا سووریاییەکان چەندین ئازار و نەهامەتییان بینی، دوای ئەوە شۆڕشی سووریای پیرۆز هات و سەرکەوتنی گەورە بەدەستهات و سووریا رزگارکرا. هەرچەندە برین و ئازاری زۆری پێوەیە و لە ژووری چاودێریی چڕدایە. کە داوا لە هەمووتان دەکات بە یەکگرتوویی ئازار و برینەکانی چارەسەر بکەن."
سەرۆکی کاتیی سووریا پەیامێکی ئاراستەی ئامادەبووانی کۆنگرەکە کرد و گوتی، "ژێردەستەیی قبووڵ ناکەین، سووریای ئەمڕۆ داوای رێککەوتنتان لێدەکات نەوەک دووبەرەکی، داواتان لێدەکات گفتوگۆ بکەن بۆ دیاریکردنی چارەنووس و داهاتوو، سووریای ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکەی، دوای ئەوەی لەلایەن نەوەکانییەوە پشتگوێ خرابوو."
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ رۆژی چوارشەممە 12ـی شوبات، بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
ئەحمەد شەرع گوتی "سووریا قوتابخانەیەکە بۆ ژیانی هاوبەش و جیهان هەموو لێیەوە فێربوون، ئێمە لە قۆناخی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەتداین، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ئەرکە و پێویستە بکرێت، سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و هێزی لە یەکگرتندایە."
نزیکەی 600 کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەشدارن و هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارییان نەکردووە.
خەریکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دۆخە نوێیەکەی سووریا هەڵدەکات، رۆژی دووشەممە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاند، سزاکانی سەر پێنج بانکی وڵاتەکە هەڵدەپەسێرن، کە لە سەردەمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا سەپێندرابوون.
سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت، "سووریا بەدەست وێرانبوونی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستی بە پلانی فریاگوزاری، دواتر ناوەندی و دواتر ستراتیژی هەیە. لەسەریشمان پێویستە وڵات لەسەر بنەمای یاسا بنیات بنێین و رێزی لێبگیرێت."
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند. سەرەتای مانگی شوباتی ئەم ساڵ حکومەتی نوێی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پێکهێنرا. ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە دەستنیشانکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ