هەسەدە: هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی منبج بەرپەرچی هێرشی هێزەکانی نزیک لە تورکیایان دایەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، هێزەکانیان لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی منبج رووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش لە هەندێک شوێن شەڕێکی سەخت هەیە.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا لە رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی 2024 گوتی، هێزەکانیان سەرکەوتووانە بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی نزیک لە تورکیایان لە نزیک پردی قەرەقوزاخ و چەند گوندێکی رۆژهەڵاتی منبج داوەتەوە.
هەسەدە باس لەوە دەکات، هێزەکانیان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئەو هێزانەیان تێکشکاندووە و دوو چەکداریشیان کوشتوون.
لە راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، تورکیا بە درۆن بۆردوومانی چوارڕیانی ناحیەی سرینی سەر بە کۆبانێی کردووە.
لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی نزیک لە تورکیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، هەسەدە رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بەرپەرچی هێرشێکی لە هەردوو گوندەکانی خربە توینی و مەحشیات تەواحین سەر بە شارۆچکەی ئەبو قەلقەل داوەتەوە و نزیکەی 15 چەکداری لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
هەسەدە باس لە وردەکاریی شەڕەکەی نزیک بەنداوی تشرین دەکات و دەڵێت: "هێزەکانمان توانیان دەست بەسەر دوو تانک و بڕێک چەک و تەقەمەنیدا بگرن، لەگەڵ تێکشکاندنی سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی".
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە بەردەوامە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لە سنووری منبج و کۆبانێ هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی نزیک لە هەسەدە زیادکرد.