دیمەشقی دوای ئەسەد شاندە بیانییەکان لە خۆی کۆدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، هەمان ئەو هۆڵە بەکاردەهێنێت کە پێشووتر بەشار ئەسەد، سەۆککۆماری سووریا تییدا پێشوازی لە میوانانی دەکرد.
 
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن دوا میوانی شەرع بوو، بەڵام دوایینیان نابێت. بەر لەوەش باڕباڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کۆبوویەوە. ئەمانە یەکەم و دوایین نەبوون و پێشووتر شاندی ئەمریکی - فەرەنسی سەردانی دیمەشقیان کردبوو. 
 
فڕۆکەخانەی دیمەشق ئێستا یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆرترین شاندی بیانی رووی تێدەکەن. 
 
ئەحمەد شەڕع، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی قەتەڕ کرد و دوای کۆبوونەوەیان قسەیان دەربارەی داهاتووی سووریا و پەیوەندییەکانیان کرد. 
 
لەدوای کۆبوونەوەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا دەربارەی قۆناخی داهاتووی سووریا دەڵێت، "قۆناخی داهاتوو پشت بە خودا دەبێتە قۆناخێكی پڕ لە پرۆژەکانی پەرەپێدان و تێیدا قەتەر بەشداریکردنێکی چالاکی دەبێت".
 
محەمەد خولەیفی، وەزیری دەرەوەی قەتەریش ئاماژەی بەوەدا، "لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد سەبارەت بە چەند رێگەیەکی گرنگ قسەمان کرد کە پەیوەستن بە گەشەپێدانی سووریا".
 
یەکێک لەو پرۆژانەی قەتەر چاوی لەسەرە، راکێشانی هێڵی گازە لە قەتەرەوە بە رێگەی سووریاوە بەرەو تورکیا و لەوێوە بەرەو ئەورووپا.
 
پرۆژەکەی قەتەڕ کە بە نێو خاکی سووریا و تورکیادا دەڕوات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەکات.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا یەکێک لەو بەرپرسانە بوو کە سەردانی دیمەشقی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، سزاکانی سەر سووریا هەڵگرێت.
 
لەکاتێکدا قەتەڕ پلانی پرۆژی بۆریی گاز دادەنێت، بەڵام چوونی سوپای ئیسرائیل بۆ نێو ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوا سووریا و ئەگەری زیاتر چوونە ناوەوەیان، مەترسی سەر پرۆژەی گازی تورکیا و قەتەر زیاتر دەکات.