وەزیری دەرەوەی سووریا: هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ زێد و وڵاتی خۆیان دەدەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، هەوڵ دەدەن پێگەی وڵاتەکەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێز بکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێد و وڵاتی خۆیان. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "کار دەکەین بۆ ئەوەی سووریا بگەڕێنینەوە ئەو رۆڵەی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەیبوو، بۆ ئەوەی ببێتەوە بە یاریزانێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا".
 
شەیبانی رایگەیاند، "دەمانەوێت لە سووریای نوێدا هەمووان هەست بە بوونی خۆیان بکەن. سووریا بۆ هەموو سووریاییەک دەبێت، بێ ئەوەی گوێبدرێتە ئەوەی سەر بە چ پێکهاتە و ئایینێکە. سووریای نوێ نوێنەرایەتی هەموو سووریاییەک دەکات". 
 
لەبارەی پەنابەران و ئاوارەکان، وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، "هەوڵی گەڕاندنەوەی شکۆمەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرێکی سووریایی دەدەین". 
 
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەم، شەیبانی تەمەن 37 ساڵ و لەدایکبووی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان وەک وەزیری دەرەوەی سووریا دەستنیشان کرا. 
 
شەیبانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (حکومەتی رزگاریی سووریا) لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە ئیدلب.