رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا هێرشێکی "ورد"یان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش، لە ئەنجامدا دوو چەکداری داعش کوژران و یەکێکیش برینداربوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-12-2024) بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانیان لە رۆژی دووشەممە دا هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک چەکداری داعش، لەکاتێکدا خەریکی گواستنەوەی بارێک چەک بوون.
سێنتکۆم دەڵێت، هێرشەکە لە ناوچەیەک کرا، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی رژێمی سووریا و رووسەکاندا بووە، بارە چەکەکەش لەنێوبرا.
وەک سێنتکۆم ئاماژەی پێداوە، "ئەم هێرشە ئاسمانییە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی سەنتکۆم، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا، بۆ تێکدان و لاوازکردنی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پلاندانان، رێکخستن و هێرش دژی هاووڵاتیان و کەسانی سەربازیی ئەمریکا، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری ناوچەکە و دەرەوەی."
لە ماوەی هەفتەیەکدا؛ ئەوە سێیەمجارە سێنتکۆم هێرش دەکاتە سەر چەکدارانی داعش لە سووریا.
رۆژی هەینی 20-12-2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بڵاویکردبووەوە "رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو یوسف ناسراو بە مەحموود، بەرپرسی رێکخراوی داعش، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی وردی هێزەکانمان لە پارێزگای دێرەزووری سووریا کوژرا."
هەروەها رۆژی دووشەممە 16-12-2024 سێنتکۆم رایگەیاندبوو هێزەکانیان چەند بۆردوومانێکی ئامانجداریان کردووەتە سەر "چەند کامپێکی داعش و چەند ئەندامێکی لە سووریا." لە ئەنجامدا 12 چەکداری داعش کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ