لە سووریا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئامادەکاری بۆ جەژنی کریسمس کەمە


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی دوای 2011، ئامادەکاری بۆ کریسمس کەمە. خەڵکیش دەڵێن، هۆکارەکەی ئابوورییە.
 
مایە دەیوب، هاووڵاتیی سووری دەڵێت، "بۆ نموونە، خەڵکێکی زۆر ناتوانن ئەو شتانە بکڕن کە بۆ جەژنی کریسمس دڵخۆشیان دەکەن. سەرجەم جەژن و بۆنەکان وەک پێشتر نین، بەهۆی ئەوەی کێشەی زۆرمان هەیە و ناتوانین هاوشێوەی جاران بین. ئەو کاتە دەمانتوانی شت بکڕین، بەڵام ئێستا ناتوانین." 
 
لە ماوەی سەدەیەکدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، رێژەی کریستیانەکان لە 20٪ـەوە بۆ 4٪ کەمبووەتەوە. پێش سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، 10٪ـی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کریستیان بوون، ئێستا بۆ 5٪ کەمبوونەتەوە.
 
جۆرج خەتاس، هاووڵاتییەکی دیکەی سوورییە و دەڵێت، "جەژن لە دیمەشق لە ساڵانی رابردوودا خۆش بوو. هەموو شەقام و باڵەخانەکان دەڕازێندرانەوە، ئێستا ئەوە نەماوە. قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر خەڵک دروستکردووە و دۆخی خەڵک تێکچووە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، نرخی شمەک 800٪ بەرزبووەتەوە و 90٪ـی خەڵکی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. نزیکەی 12.4 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکە کێشەی ئاسایشی خۆراکیان هەیە و 1.3 ملیۆنیش لە برسێتیدا دەژین. ئەم هۆکارانەش چێژی جەژنی کریسمسی لای هاووڵاتییان کەمکردووەتەوە.