کەسایەتییەکی نزیکی ئێران کرایە وەزیری دەرەوەی سووریا

24-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فەیسەل میقداد سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی سووریا دەستنیشانکردنی 'فەیسەڵ میقداد'ی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، بۆ شوێنگرتنەوەی وەلید موعەلیم راگەیاند، کە هەفتەی رابردوو کۆچی دواییکرد.
 
لە بڕیاری دامەزراندنی میقداد بە وەزیری نوێی دەرەوەی سووریادا، ئاماژە بە دەستنیشانکردنی بەشار جەعفەری، بە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاشکراکراوە.
 
میقداد لە ماوەی نێوان 2006 تاوەکو 2020 جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا بووە، ئاژانسی 'ئاسۆشێیتد پرێس' ئاشکرایکردووە، میقداد لە نێو سێ کەسایەتی دیاردا، بۆ پێدانی پۆستە نوێیەکە و شوێنگرتنەوەی موعەلیم، دەستنیشانکراوە.
 
ئاژانسە فەرەنسییەکە لە زاری سەرچاوەکەی ناو وەزارەتی دەرەوەی سووریاوە، میقدادی بە "دەرچووی هەمان ئەو فێرگەیەی کە وەلیدی موعەلیمی پێگەیاندبوو" ناوبردووە. ئاماژەی بەوەداوە هەردوو کەسایەتییەکە لە هەستیارترین دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و لوبناندا، دۆسێیەکەیان ئیدارە داوە، بەتایبەت پاش تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرای پێشووتری لوبنان لە ساڵی 2005دا، رووداوێک بەرپرسیاریەتییەکەی خراوەتە ئەستۆی دیمەشق و بەکرێگیراوەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی.
 
سەرچاوەکەی 'ئاسۆشێیتد پرێس'، لەبارەی کەسایەتی و پەیوەندییەکانی میقدادەوە، گوتویەتی ئەو "ئارام و خوێنەرێکی پلە یەکە". ئەوەشی گوتووە، "پەیوەندی نایابی لەگەڵ ئێرانی و چینییەکاندا هەیە".
 
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵات بڕیاری دەستنیشانکردنی فەیسەڵ میقداد بە وەزیری دەرەوە، بەشار جەعفەری، بە جێگری وەزیری دەرەوە و بەسام سەباغ، نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، واژۆ کردووە.
 
فەیسەڵ لە دایکبووی شاری درعایە لە باشووری سووریا، تەمەنی 66 ساڵە و لە 1994ەوە لە مەیدانی دیپلۆماسیدا کاردەکات. ساڵی 2003 بە نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکاربووە و لە 2006 کراوەتە جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا و لەگەڵ موعەلیمدا هاوئاهەنگییەکی گەورەی هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە