بەرهەمی گەنم لە سووریا 800 هەزار تەن کورتی هێناوە

رووداو - سووریا

رێکخراوی خۆراکی جیهانی (فاو) و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بڕی کورتهێنانی بەرهەمی گەنم لە سووریا بۆ ساڵی ٢٠١٥ بە  ٨٠٠ هەزار تەن دەخەمڵێنن.

لە راپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو رێکخراودا، کە رۆژی ٢٣ی تەموز بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە  "ساڵی ٢٠١٥ لە سووریا سەرباری زۆری بڕی باران کە زۆرترین بڕ بووەلە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەڵام تەنها ٢ ملیۆن و ٤٤٥ هەزار تەن گەنم بەرهەمهاتووە"، ئەوەش کەمتر بووە لە رێژەی گەنمی بەرهەمهاتوو لە ٢٠١٤.

راپۆرتەکە هۆکاری ئەو کورتهێنانە بۆ کاریگەری شەڕی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی سووریا دەگەڕێنێتەوە، کە ماوەی ٤ ساڵە بەردەوامە و بە هەزاران قوربانی لێکەوتوەتەوە و زیانێکی زۆریشی بە سەرجەم کەرتەکانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

لەگەڵ ئەوەی بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو کەمبووە، بەڵام هێشتا زیاتر بووە لەوەی چاوەڕێی دەکرا، دۆمینیک بیرگۆن، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و راهێنانەوە لە رێکخراوی فاو رایگەیاند "سەرباری ئەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە سووریا بەهۆی زۆری بڕی باران بارینەوە لەسەروو پێشبینیەکانەوە بووە، بەڵام کەرتی کشتوکاڵی لە سووریا بەگشتی لە ژێر کاریگەریەکانی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە دەناڵێنێت".