رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات؛ ئامادەکاری گەورە بۆ کۆنفرانسەکە کراوە و سەتان کەس بەشدار دەبن.
ئاراس جومعە، بەرپرسی راگەیاندنی پارتی سەوزی دیموکرات و ئەندامی ئامادەکاری کۆنفرانسی نەتەوەیی لە رۆژئاوای کوردستان، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە لایەن دڵدار هەرکییەوە پێشکێشکرا، رایگەیاند "دەمێکە، گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوامە."
بەرپرسەکەی پارتی سەوزی دیموکرات دەڵێ، پێش ماوەیەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) داوایکرد بەتەنیا لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دابنیشن نەوەک پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە)، پێش چەند رۆژێکیش کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی مەزڵووم عەبدی کرا و، گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان، "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، رێککەوتنێک بۆ یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان واژۆبکەن."
رۆژی سێشەممە، 18-3-2025، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەنەکەسە و پەیەدە بە ئامادەبوونی نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە.
ئاراس جومعە ئاماژە بە هەوڵەکانی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئامادەکاریی تەکنیکی بۆ چۆنیێتیی بەشداریکردنی لایەنەکان بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیارینەکراوە."
روونیشی کردەوە "نەوەک تەنیا پارتەکانی نێو ئەنەکەسە و پەیەنەکە، بەڵکو کەسایەتیی سەربەخۆ، رۆشنبیر و مامۆستایانی زانکۆش بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن و تێڕوانینەکانیان بۆ چۆنیێتی یەکڕیزیی کورد دەخەنەڕوو."
رۆژی 22-3-2025 عەبدولباست حەمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کە تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی بەرفراوانیی کرد، ئاشکرای کرد لەم رۆژانەدا مژدەیەکی خۆش بە رۆژئاوای کوردستان دەدەن.
ئاراس جومعە لەبارەی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان باسی لە خاڵە هاوبەشەکانی لایەنە کوردییەکان کرد و گوتی "خاڵی هاوبەشی نێوان لایەنە کوردییەکان، پاراستنی دەستکەوتەکان و مافی کوردە لە دەستووری نوێی سووریا دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە دەستووری کاتیی سووریا، هیچ مافێکی بۆ کورد تێدا نەنووسرا، ئەمەش لە لایەنە کوردییەکان دەخوازێت کە کورد بە یەکگرتوویی داوای مافەکانی بکات."
ئەو سەرکردەیەی پارتی سەوزی دیموکرات رەتیدەکاتەوە "کورد دەستووری سووریای بۆ قوناخی راگوزەر قبووڵ بێت" و گوتی، "بەپێی رەشنووسی دەستووری نوێ، کورد هیچ مافێکی نییە و قبووڵ ناکرێت، تەنانەت ئەو دەستوورە بۆ قوناخی راگوزەریش قبووڵ ناکەین، پێویستە لە راگەیاندنی دەستووریدا مافی پێکهاتەکانی سووریا بنووسرێت، ئەو رەشنووسی دەستوورە کە دوای رێککەوتنی جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا، دژی رێککەوتنەکەیە، بۆیە قبووڵ ناکرێت."
10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا، رێککەوتنەکە پێشوازییەکی نێوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لێکرا.
لەبارەی رەشنووسی کۆنفرانسی نەتەوەیی لە رۆژئاوای کوردستانەوە، ئاراس جومعە ئاماژە بە ئامانجی کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت، "لە رەشنووسی ئامادەکراو بۆ کۆنفرانسەکە، جەخت لەسەر ناسنامەی کوردی لە سووریا کراوەتەوە، کە پێویستە ناسنامەی کوردی بپارێزرێت، لە دەستووردا بنووسرێت و بەرفەمی دانی پێدا بنرێت."
گوتیشی "لە کۆنفرانسەکەدا کە 600 ئەندامی دەبێت، بڕیار لە سەر شێوازی دەسەڵات دەدات و شاندێکی کوردی یەکگرتووی شارەزای کوردی، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق پێکدێت. پێشبینی دەکرێت هەموو لایەنەکان لەسەر پێویستیی مانەوەی دەزگەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا یەکدەنگ بن و جەخت لە یەکپارچەیی سووریا و سیستمێکی ناناوەندی و دیموکراسی بکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ