دی مستۆرا پێشنیازێک بۆ شاندی حکومەت و ئۆپۆزیسۆنی سووریا دەكات

رووداو - جنێڤ

لە دووەم رۆژی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی جنێڤ سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەریرانەکانی سووریا، ستافان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ هەردوو شاندی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن کۆبووەوە و، پێشنیازێکی بۆ هەردوو شاند کرد.
 
لە کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی جێنڤدا، هەتاوەکو ئێستا شاندی حکومەت و شاندی ئۆپۆزیسیۆن بەیەکەوە کۆنەبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن، بەڵکو هەریەکەیان بەجیا لەگەڵ ستافان دی مستۆرا، کۆبوونەوەتەوە و تاوتوێی ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان کردووە.

لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا، دی مستۆرا پێشنیازێکی بۆ شاندەکە کردووە. بەشار جەعفەری، سەرۆکی شاندی حکومەتی سووریا لەمبارەیەوە رایگەیاند "وەکو شاندی سووریا ئەو پێشنیازە تاوتوێ دەکەین و، لە دانیشتنی داهاتوودا لەگەڵ دی مستۆرا را و هەڵوێستی خۆمانی لەبارەوە دەخەینە روو".

بەپێی سەرچاوەکانی شاندی حکومەتی سووریا، کە لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی دی مستۆرا بۆ میدیاکان قسەیان کردووە "ئەو پێشنیازەی دی مستۆرا بۆ جەعفەری کردوویەتی، جەخت لەسەر بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە و، هیچ شتیکی تازەی تێدا نییە".


ماددەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش چییە؟



ئەو ماددەیەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەتە بە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سووریا و، لە چەند خاڵێک پێکهاتووە، سەرەکیترینیان:

یەکەم - دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر و دوور لە تائیفی.
دووەم - دیاریکردنی کاتێک بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ.
سێیەم - بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد. ئەم هەڵبژاردنەش لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت، بۆ ئەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بێت و ستاندارێکی نێودەوڵەتی هەبێت.


سەرۆکی شاندی ئۆپۆزیسیۆن: گوێبیستی بیرۆکەی جیدیتر بووین لە دی مستۆرا



لە دوای کۆبووەنەی شاندی ئۆپۆزیسیۆن و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا. نەسر حەریری، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەماندا باسی کەیسە مرۆییەکانمان کرد و، جەختمان لەسەر پێشێلکارییەکانی رژێم کردەوە لە شکاندنی ئاگربەست".

هەروەها جەختی کردەوە لەوەی "لە کۆبوونەوەکەدا گوێبیستی بیرۆکەی جیدیتر بووین لە دی مستۆرا سەبارەت بە پرسی قۆناخی راگوزەر".