رووداو دیجیتاڵ
باڵاترین دیپلۆماتی سعودیە سەردانی دیمەشقی کرد و گوتی: "پشتیوانیی خۆمان بۆ سەروەری، سەقامگیری و سەلامەتیی خاکی سووریا دووپات دەکەینەوە"؛ داواشیکرد، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا خێرا بکرێن.
رۆژی هەینی 21-01-2025 فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە گەیشتە سووریا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا، فەیسەڵ بن فەرحان گوتی: "پشتیوانیی خۆمان بۆ سەروەری، سەقامگیری و سەلامەتیی خاکی سووریا دووپات دەکەینەوە؛ داوا دەکەین هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا خێرا بکرێت."
ئەسعەد شەیبانی ستایشی سعودیەی کرد و گوتی: "هیوادارین پەیوەندییەکی ستراتیژی لەنێوان سووریا و سعودیەدا هەبێت."
بەڤیدیۆ؛ ساتی پێشوازیی ئەحمەد شەرع لە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە دیمەشق pic.twitter.com/74NimbgFPO
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 24, 2025
فەیسەڵ بن فەرحان لە بەیرووتەوە چووە دیمەشق، دوێنێ سەردانی لوبنانی کرد و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی وڵاتەکە کۆبووەوە. سەردانەکەی لوبنانیش دوای زیاتر لە 10 ساڵ پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان شانشینەکە و لوبنان بوو، بەهۆی هەژموونی حیزبوڵڵا لەسەر لوبنان.
دوایین جار فەیسەڵ بن فەرحان سەردانی دیمەشقی کرد لە مانگی نیسانی 2023 بوو، ئەوکات لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو کاتی سووریا کۆبووەوە. سەردانەکەی ئەو کاتیش گرنگ بوو، چونکە 12 ساڵ بوو بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە پەیوەندییەکانیان تێکچووبوو.
دیپلۆماتەکەی سووریا گوتیشی: "گەڕانەوەی سووریا بۆ باوەشی عەرەب، دەرفەتێکی مەزن دروستدەکات و ئێمەش بەشێکین لە کۆمکاری عەرەبی.
سەرەتای ئەم مانگه، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دیپلۆماتە باڵاکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا کە تایبەت بوو بە سووریا، داوایکرد سزاکانی رۆژئاوا لەسەر سووریا هەڵبگیرێن.
لە سەردانەکەی ئەمڕۆشی بۆ سووریا، وەزیرەکەی سعودیە گوتی: "ریاز بەشداری لە چەند دانوستاندنێکی تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکان کردووە. ئێمەش چەند ئاماژەیەکی ئەرێنیمان پێگەیشتووە."
ئەسعەد شەیبانی گوتی، هەڵگرتنی سزاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی سەختییەکان گرنگە.
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار و هاتنە سەر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، یەکەم سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا بۆ سعودیە بوو. ئەوکات شەیبانی بە یاوەریی هەریەک لە مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، بەڕێوەبەری هەواڵگری چووە ریاز و گوتی: "هیوادارین لاپەڕەیەکی نوێ و گەشاوە هەڵبدەینەوە."
مانگی پێشوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای سعودیە گوتی، ریاز رۆڵێکی گرنگی لە داهاتووی سووریا دەبێت.
گوتیشی، ئەو لە سعودیە لەدایک بووە و چەند ساڵێکی سەرەتای منداڵیی لەوێ بەسەر بردووە، هەروەها باوکیشی لەوێ کاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ