سکرتێری پارتی رۆژ: بەمنزیکانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لەنێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە رووداوی راگەیاند، "ئەنەکەسە پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە، کە ئەوان ئامادەن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر کۆببنەوە، بۆ دانوستاندنی کوردی – کوردی." هاوکات سەرکردەی یەکێک لە حیزبەکانی نێو پەیەنەکە بە رووداوی راگەیاند، "بەمزووانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە".
ئەو سەرچاوەیەی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە ئەمڕۆ دووشەممە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، "پەیاممان داوەتە نێوەندگیرانی ئەمریکی، کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا، ئامادەی دانوستاندنی کوردی – کوردییە". گوتیشی، "رەنگە سەرەتا کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بکرێت، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نێو پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد - پەیەنەکە".
ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو جەختیکردەوە "بۆ کۆبوونەوەکان چاوەڕوانین کاتێک دیاری بکرێت لەلایەن نێوەندگیران و لایەنی بەرامبەر".
لەوبارەیەوە، کۆڤان کەنعۆ، سکرتێری پارتی رۆژ کە بەشێکە لە پەیەنەکە، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ئاشکرایکرد، "بەمنزیکانە ئەنەکەسە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆدەبێتەوە بۆ پرسی یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکان".
سکرتێری پارتی رۆژ جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان وەکو پارتەکانی نێو پەیەنەکە، زیاتر لە 20 کۆبوونەوەیان کردووە، "لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەختمان لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی نیوماڵی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنەکەسە کردووەتەوە".
وەک کۆڤان کەنعۆ باسی دەکات، "مەزڵووم عەبدی دەستپێشخەریی کردووە، هەروەها نێوەندگیرانی فەرەنسی و ئەمریکی و دۆستانی کورد لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان".
پەیەنەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و جەختیان لەسەر "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پێکهێنانی یەکڕیزی،" کردووەتەوە، کەنعۆ دەڵێت، "ئەگەر یەکڕیز نەبین، ناتوانین هیچ مافێکی کورد لە دیمەشق دەستەبەر بکەین".
دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، نێوەندگیرانی فەرەنسی و ئەمریکی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە، بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی شاندێکی یەکگرتوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد نەکراوە.