هێرشەکانی داعش لە دێرەزوور زیادیانکردووە

رووداو-هەولێر

هێرشەکانی داعش دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دەورووبەری هەجین زیادیان کردووە. سەرچاوەکانی نێو هەسەدە دەڵێن، بڕیارەکەی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی هەجین داناوە. 


بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەسەدە، لەدوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ کشاندنەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، چەکدارانی داعش هێرشەکانیان زیاتر کردووە، بەڵام شەڕڤانان ئاماژە بەوە دەکەن، لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبن. 

شەڕڤانی هەسەدە لە هەجین دەڵێن: "ئێمە شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتین. رێژەی 35%ی رووبەری هەجینمان کۆنتڕۆڵکردووە. ئۆپەراسیۆنەکەمان بەردەوامە. دوای ئەوەی هەموو خەڵکی سڤیل رزگار دەکەین، هەجین بەتەواوەتی کۆنترۆڵدەکەینەوە."

ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و چاودێرانی پەیوەندار دەڵێن؛ ترەمپ بە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی لە بەرەی شەڕی دژی داعش تەنیا هێشتەوە و ئەو هەنگاوەش وادەکات متمانەی وڵات و هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە واشنتن کەمبێتەوە. 

لیندزی گراهام، سیناتۆری کارۆلینای باشوور لە توویتێکدا نووسیویەتی "بەڕێز سەرۆک، ئێمە لە داهاتوودا هیچکات هاوبەشمان نابێت. وڵاتەکەمان لەمە باشترە. تکایە چاوخشاندنەوە بە ستراتیژییەتی تایبەت بە کشانەوە لە سووریادا بکە". 

لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا دەڵێت: "بەڕێز سەرۆک، ئێمە لە داهاتوودا هیچکات هاوبەشمان نابێت، وڵاتەکەمان لەمە باشترە
تکایە چاوخشاندنەوە بە ستراتیژییەتی تایبەت بە کشانەوە لە سووریادا بکە".

بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هێشتا داعش رووبەرێکی لە پارێزگای دێرەزوور لەژێر دەسەڵاتدایە و شەڕێکی سەختیش بۆ مانەوەی دەکات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان