رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە سووریا دەستگیرکران کە حەبى هۆشبەرى کاپتاگۆنیان لە کورسیدا شاردبووەوە بۆ ئەوەى ئاودیوى عێراقى بکەن.
پێگەی فەرمیی پارێزگاى حەلەبى سووریا لە تێلیگرام دیمەنى دەستگرتن بەسەر ئەو کاپتاگۆنە و دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکانی بڵاوکردەوە.
حەسەن حاج، بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناوچەى باب نەیرەب لە پارێزگاى حەلەب رایگەیاند، "یەکەیێکمان بە هاوکاریی دەزگای نەهێشتنی مادەى هۆشبەر، توانیویێتی دوو کەس دەستگیربکات، کە مادەى هۆشبەریان پێ بووە و بەشێوەیەکى لێزانانە شاردبوویانەوە."
بە گوتەى ئەو بەرپرسە ئەمنییەى پارێزگاى حەلەب، ئەو حەبە بۆ بەقاچاخبردنى بۆ وڵاتانى دراوسێ و بەدیاریکراوى بۆ بەغداى پایتەختی عێراق ئامادەکرابوو. ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
16ـی ئادارى 2025 وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، بە هاوکاریى هەرێمى کوردستان، دەستگیراوە بەسەر یەک تۆن و 100 کیلۆگرام مادەى هۆشبەرى کاپتاگۆن کە لە سووریاوە بە قاچاخ برابووە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ