prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، دەستپێکردنی ناردنی بانگهێشتنامەکان بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرە رادەگەیەنێت و دەڵێت، لە داهاتوودا شوێنی بەڕێوەچوونەکەی دیاری دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-02-2025 لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بارەگای وەزارەتی راگەیاندن لە دیمەشق رێکخست، کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو.
حەسەن دەغەیم، گوتەبێژی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە وەڵامی پرسیاری دڵخواز محەممەد لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دیالۆگی نیشتمانی و کاریگەری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ گوتی: "بە دڵنیاییەوە راسپاردەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی و ئەو نەخشەڕێگایە کە پێشکێشی دەکات و پێکهێنانی حکومەت بەشێوەیەکی گشتیی لە نێو کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی باس دەکرێت".
سەبارەت بە ناردنی بانگهێشتنامە بۆ شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دیالۆگی نیشتمانی، حەسەن دەغەیم گوتی: "لە بارەی خەڵکی رۆژهەڵات لە رەققە و حەسەکە و دێرەزوور، لیژنەی ئامادەکاری لەگەڵ دەستەبژێری کۆمەڵگە دانیشتووە بە سەرجەم چین و توێژ و رەنگەکانەوە، لە ئەمڕۆوە دەستدەکرێت بە ناردنی بانگهێشتنامە فەرمییەکان دەکرێت بۆ ئەوانەی کە بڕیارە لەم کۆنگرەیەدا بەشدار بن".
لیژنەکە رایگەیاندووە، دەستدەکەن بە ناردنی بانگهێشتنامەکان بۆ بەشداربووان لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا و لە داهاتوودا شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە دیاری دەکرێت.
لێژنەی دیالۆگی نیشتمانی زیاتر لە 30 دیداری لە پارێزگاکانی جیاجیای سووریا کردووە، بە بەشداری نزیکەی 4000 کەس، زیاتر لە 2200 کۆمێنت و 700 بەشداریی نووسراویان وەرگرتووە، بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیکردنی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا.
گوتەبێژی لیژنەکە جەختیکردەوە دیالۆگی نیشتمانی "تەنیا کۆنگرەیەک یان چالاکییەکی قۆناخی نییە" بەڵکو "رێبازێکی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان بە شێوەیەکی پلە بە پلە و بەرپرسانە".
هەروەها گوتیشی کۆنگرەکە "یەکەم هەنگاوە لە رێڕەوێکی نیشتمانیی درێژدا" کە ئامانج لێی دروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتمانی سووریای نوێیە، کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت و ئاواتەکانی گەلی سووریا بەدیبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ