منداڵێکی سووریایی داوای وڵاتینامە لە پووتین دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتیی "یارییەکانی داهاتوو" لە شاری کازان لە تەتەرستان کرد و لە رێوڕەسمەکەدا منداڵێکی سووریایی داوای لە پووتین کرد وڵاتینامەی رووسیای پێ ببەخشێت، پووتینیش پێیگوت چانسی ئەوەی هەیە خەونەکەی بهێنێتە دی.
 
وەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، منداڵەکە لە رێڕەوێکی نێو یاریگاکە چاوی بە پووتین دەکەوێت و پێی دەڵێت، "من زۆر دڵخۆشم بە بینینت. بەهیوام کە ببم بە هاووڵاتی رووسی."
 
پووتینیش لە وەڵامدا پێی دەڵێت، کە بەدیهێنانی خەونەکەی قورس نییە. دەشڵێت: "دواتر بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، ئەوە شتێکی قورس نییە بۆ ئەوەی بەدەستیبهێنیت."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی رووسیا، زیاتر لە نۆ هەزار هاووڵاتیی سووریایی لە رووسیا دەژین و زۆربەشیان مافی مانەوەیان نییە. 
 
ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی کە هیچ بەڵگەنامەکیان نییە، کاتێک کە لەلایەن پۆلیسی رووسیاوە دەستگیر دەکرێن، رەوانەی نێوەندەکانی کۆچبەران دەکرێن و هەندێکجاریش دیپۆرت دەکرێنەوە. 
 
رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی سووریاش، ڤیزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی سووریا دەدات، لەکاتێکدا کە وڵاتانی دیکە ئەو جۆرە ڤیزایە بە هاووڵاتییانی سووریا نادەن. 
 
رووسیا پاڵپشتیکارێکی بەهێزی مانەوەی بەشار ئەسەد بوو، کاتێک گەلانی سووریا لە بەهاری 2011 لە دژی رژێمەکەی دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
 
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە.
 
بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.