لە حەلەب هەندێک خەڵک ئامادەنین شوقە وێرانبووەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەوە چۆڵ بکەن

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سووریا هەوڵدەدات ئەوانەی ماڵەکانیان بەهۆی بوومەلەرزە زیانی بەرکەوتووە، بگوازێتەوە شوێنێكی سەلامەتتر، بەڵام بەشێکی خەڵک دەڵێن شوێنەکانیان جێناهێڵن و ئامادەن لەنێو مەترسیی خانووی درزبردوودا بژین، نەوەک روو بکەنە کەمپ و شێڵتەرەکان.
 
ئوم مونیر، یەکێکە لەو کەسانەی ئامادە نییە ماڵەکەی جێبهێڵێت و لە شوقە رووخاوەکەیدا لە شاری حەلەبی سووریا ماوەتەوە. هەموو ماڵەکەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی بوولەرزەکەی شەشی شوباتە. 
 
ئوم مونیر، دەڵێ "هیچ شتێک لە ماڵەکەم دەرمناکات تەنیا مردن نەبێت. بۆ کوێ بچم؟ بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بجوڵێم؟ هەرگیز! ئێمە ناتوانین لەکامپەکاندا بژین و ناتوانین لە شێڵتەرەکاندا بمێنینەوە".
 
ئەو بەشەی ماڵی ئوم مونیری لێیە لە حەلەب، لەلایەن حکومەتی سووریاوە کۆنترۆڵکراوە و یەکێک بووە لەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. 
 
بەڵام هەندێ خەڵک لەگەڵ وێرانبوونی چواردەوریشیان هێشتا دەیانەوێت لەژێر سەقفی ماڵەکەیاندا بمێننەوە، لەوانەش عەلی ئەلباش، دانیشتووی حەلەب کە دەڵێ "لەگەڵ دوو کوڕەکەم و هاوژینەکەم لێرە دەمێنینەوە. دایکیشم لە نهۆمی پێنجەمە و دراوسێکەشمان لە نهۆمی چوارەمە. هەرکاتێک شتێک رووبدات، دەچینە خوارەوە و بۆ چەند کاژێرێک لە باخچەکە دەمێنینەوە، دواتر دەگەڕێینەوە ماڵەکەمان، بەوشێوەیە رۆژەکەمان بەسەردەبەین".
 
ئامینە رەسلان، دانیشتووی حەلەب بەهەمان شێوە دەڵێ "ماڵەکەم بەجێناهێڵم، هەتا ئەگەر بەسەریشمدا بڕووخێت، بەجێیناهێڵم. 45 ساڵە لێرە دەژیم، چۆن بەجێیدێڵم".
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی سووریا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، لانیکەم 432 کەس لە شاری حەلەب گیانیان لەدەستداوە و  54 باڵەخانەی شارەکەش زیانیان پێگەیشتووە و رووخاون.