جێگرەکەی بەشار ئەسەد: گەنجانی سووریا باش تێگەیشتوون کە تووندوتیژی نیشتمان بونیاد نانێت ​

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی پێشووی سووریا پەیامێک بۆ گەلی سووریا دەنێرێت و دەڵێت: "گەنجانی سووریا باش تێگەیشتوون کە تووندوتیژی نە نیشتمان بونیاد دەنێت و نە هیوا دەچێنێت."
 
فەیسەڵ میقداد، جێگری بەشار ئەسەد لە سەردەمی حوکمڕانیی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22.12.2024، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سووریا لە دوو هەفتەی رابردوودا رووداو و پێشهاتێکی بینی کە سەرنجی گەلانی ناوچەکە و جیهانی راکێشا. زۆر کەس چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ خوێنڕشتن و وێرانکاری زۆردا هاوکات بن."
 
"بەڵام بینیمان گەلی سووریا، بەتایبەتی گەنجەکان کە رابەرایەتیی ئەم جووڵانەوەیەیان دەکرد، باش تێگەیشتبوون کە تووندوتیژی نە نیشتمان بونیاد دەنێت و نە هیواش بە داهاتوویەکی گەش دەچێنێت."
 
فەیسەڵ میقداد لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکێتیی خاک و گەلی سووریا و سەربەخۆیی و سەروەری دەکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی یەکگرتنی هەموو رۆڵەکانییەوە دەبێت، سەر بە چ لایەن و کولتوورێک بن. سووریا ناتوانێت ئێستا و داهاتووی خۆی بونیاد بنێت ئەگەر پارێزگاری لە رۆڵە شارستانی و مرۆییەکەی لە ناوچەکە و جیهان دا نەکات."
 
فەیسەڵ میقداد، تاوەکو رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، جێگری سەرۆک بووە. لە پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتن بۆ "هەوڵی گەنجەکانی سووریا" دەخوازێت، بە دیاریکراوی "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی پێشنیازکراو، بگەنە ئەوەی خواستەکانی گەلی سووریا بێنێتەدی و رووی شارستانیی وڵاتەکەیان دەربخات لە رێگەی رێککەوتن لەسەر دانانی هێڵە سەرەکییەکان بە هۆشیارییەوە، بە جۆرێک هەموومان بگەیێنێتە ئەو داهاتووەی چاوەڕوان دەکرێت."
 
فەیسەڵ میقداد، ساڵی 1954 لە شاری دەرعا لەدایکبووە، لە 23ی ئەیلوولی 2023 بووە جێگری سەرۆککۆماری سووریا تاوەکو رووخانی بەشار ئەسەد لە 8.12.2024.