رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوەی تورکیا سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام و سەرکردەی دیفاکتۆی سووریا کۆبووەوە.
پێش کۆبوونەوەش، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی، ئەگەر سەرکردایەتی نوێی سووریا نەتوانن کێشەی هێزە کوردییەکان لە سووریا چارەسەر بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و کۆبوونەوەکەش بە باوەشێکی گەرم دەستیپێکرد.
هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام باسی وردەکاریی کۆبوونەوەکەی نەکردووە. ئەمە دووەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای تورکیایە بۆ دیمەشق لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمەوە.
رۆژی 12ی ئەم مانگە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، بووە یەکەم بەرپرسی حکومەتی تورکیا سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریادا کۆببێتەوە.
پێش کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فیدان رایگەیاند، پێویستە سەرکردایەتیی نوێی دیمەشق، پرسی یەکپارچەیی و سەروەری و سەلامەتیی خاکی سووریا چارەسەر بکات و یەکێک لە کارە لەپێشەکانی ئیدارەکەش هەڵوەشاندنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)بێت.
فیدان هۆشداریشیدا، ئەگەر سەرکردایەتی نوێی سووریا "ئەو کارەیان نەکرد، ئەوا بۆ خۆمان پرسی ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان دەپارێزین، جا ئەوە هەر رێکارێک بێت."
رۆژی هەینی 20ی کانوونی یەکەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دامەزراندنی ئیدارەی نوێ و نووسینەوەی دەستووردا، هاوکاری سەرکردایەتی نوێی سووریا دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش، هاکان فیدان بۆ دیمەشق دەنێرێت.
15 رۆژە حکومەتی ئەسەد رووخاوە، دوای ئەوەی هێزەکانی دەستەی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر دیمەشق.
ئێستا ئەحمەد شەرع وەکو حاکمی سووریایە و نێردەی وڵاتان و لایەنەکان سەردانی دەکەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی حکومڕانیی داهاتووی وڵاتەکە بکەن.
پێشتر نوێنەرانی وڵاتانی وەکو بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا سەردانی شەرعیان کردووە. هاوکات نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵیدا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ