بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرێی خانوو دیاریدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەگوێرەی ژوور و شوێنەکان، کرێی خانووی لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر دیاری کرد.
 
سەرۆکایەتیی هاوبەشی دەستەی بەڕێوەبردنە خۆجێییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی شەممە 21-12-2024، گشتاندنێکی بۆ دیاریکردنی کرێی خانوو کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنوکەیی و مرۆیی و پابەندبوون بە بەها و پرەنسیپە مرۆییەکان و  پەیڕەوی نێوخۆیی یەکێتیی پیشەوەرەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتیی سووریا. ئەنجوومەنی جێبەجێکار لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاری داوە بە پابەندکردنی خاوەن خانوو و نووسینگەکانی خانووبەرە بە دیاریکردنی کرێی خانووبەرە، ئەوەش بەگوێرەی ژمارەی ژوورەکان دەبێت. 

کرێکان بەم شێوەیە دانراون:
 
- 10 دۆلار (140 هەزار لیرەی سووری) بۆ هەر ژوورێک لە گوندەوارەکان، خانووی گەڕەکە میللییەکان، دەورووبەری شارەکان و باڵەخانە کۆنەکانی نێو شارەکان.
 
- 15 دۆلار (نزیکەی 210 هەزار لیرەی سووری) بۆ هەر ژوورێکی خانووی شارەکان، بۆ ئەو خانووانەی کە نوێن.
 
- ناندین و گەرماو بە یەک ژوور هەژمار دەکرێن.
 
بەگوێرەی نووسراوەکە هەر کەسێک سەرپێچی ئەو گشتاندنە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و رێکارەکانیس بەمشێوەیە دەبن:
 
- بە دەستنووس سەرپێچکار (خاوەنی نووسینگەکانی خانووبەرە) ئاگاداردەکرێنەوە و بە پێبژاردنی دارایی بە بڕی 200 دۆلار سزادەدرێن. 
 
- لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە، مۆڵەت لە خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە وەردەگیرێتەوە، هەموو بەرپرسیاریەتییەکی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێت بە بڕی 1000 دۆلار پێبژاردنی دارایی بدات.
 
- خاوەن خانوو کە خانووەکەی لە رێگەی نووسینگەکانی خانووبەرە بەکرێ دەدات و پابەندی گشتاندنەوەکە نەبێت، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ رێکاری لە بەرامبەر دەگرنەبەر و لایەنی جێبەجێکار مافی خۆیەتی هەر رێکارێکی یاسایی لەبەرامبەر بگرێتەبەر.