نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر تەدمور خوێناویترینە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تەدمور، "دەکرێت بە خوێناویترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، کە تاوەکو ئێستا روویدابێت، هەژمار بکرێت."
 
بەگوێرەی چالاکڤانانی خۆجێیی سووریا، رۆژی چوارشەممە لانیکەم 79 چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری تەدموری نێوەڕاستی سووریا کوژراون.
 
نەجات روشدی، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوت، "جارێکی دیکە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە."
 
جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا گوتیشی، "هەر دوێنی، بینیمان دەیان کەس لە هێرشێکدا بۆ سەر تەدمور کوژران، دەکرێت ئەوە بە خوێناویترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دابنرێت، کە تاوەکو ئێستا روویدابێت."
 
بەرپرسە نێونەتەوەییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا لە ناوچەکانی دیکەی سووریا، لەنێویاندا باکووری رۆژئاوا، تووندوتیژی لە "ئاستێکی نیگەرانکەردایە." بە گوتەی نەجات روشدی، هیرشی درۆن و تۆپبارانی حکومەتی سووریا بۆ سەر ئیدلب و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی دژبەری حکومەتی دیمەشق زیاد بووە.
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و بە شێوەیەکی سەرەکی پێگەی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی کردوونەتە ئامانج.
 
دوای فراوانبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا زیادکرد.
 
نەجات روشدی گوتی، "روونە کە گرنگترین شت لەم کاتەدا بۆ سووریا کەمکردنەوەی گرژییەکانە. لە کاتێکدا کە یارمەتیی مرۆیی کەم دەبێتەوە و گوتار و کاری دوژمنکارانە زیاد دەبن، خەڵکی سووریا دەکەونە بارودۆخی مەترسیدار و نالەبارەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە