لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ئیدلب "چوار خوشک و برا گیانیان لەدەستدا"


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی "رووسیاوە" بۆ سەر شاری ئیدلب لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە کە چواریان منداڵن.
 
رۆژی هەینی، 22ـی تەممووزی 2022 سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویانکردەوە کە لەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە چواریان منداڵن و "هەر چواریشیان خوشک و بران"، هاوکات دوو لەوانی دیکەش پیاون و کەسێکی دیکەش "ناناسرێتەوە".
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەدەدەن، هێرشەکە لەلایەن رووسیاوە لە ناوچەی جسر شغووری دەوروبەری شاری ئیدلیب کراوە، بەڵام رووسیا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە و رەتیشی نەکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، تەمەنی منداڵەکان لە 10 ساڵ کەمترە. هاوکات، 6 لەوانەی بەر هێرشەکە کەوتوون، "پشتڕاستکراوەتەوە کە هاووڵاتیی سڤیلن و تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەوانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی بۆردوومانەکەوە."
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەوانەی بوونەتە قوربانی، ئاوارەی سوورین کە لە پارێزگای حەماوە روویان لەو ناوچەیە کردووە. 
 
رووسیا پاڵپشتیکارێکی سەرەکیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدە؛ بە هاوکاریی رووسیا و ئێران، دیمەشق توانیویەتی بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی کە لە ماوەی 11 ساڵی شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەدا کەوتوونەتە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن و هێزەکانی دیکەی دەرەوەی حکومەتی سووریا.
 
دواپێگە، کە بە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە مابێت، بەشێکی "گەورە"ـی پارێزگای ئدلیب و چەند بەشێکی پارێزگاکانی حەلەب، حەما و لازقییەن. 
 
هێزەکانی هەیئەت ئەحرار ئەلشام زۆربەی ئەو ناوچانەی بەدەستەوەیە، بەڵام هێزەکانی دیکەش جموجۆڵیان هەیە، لەنێویشیدا ئەو هێزانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن. 
 
لە ماوەی 11 ساڵەی شەڕی نێوخۆی سووریادا، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لەنێو وڵاتەکەدا بەهۆی شەڕو پێکدادانەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش ئاوارە و پەنابەربوون.