وەزیری دەرەوەی سووریا رەخنە لە هەسەدە دەگرێت: پێشێلکاریی گەورە ئەنجامدەدەن

 
رووداو  دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا وڵاتانی رۆژئاوا بە بەکارهێنانی سیاسەتی دووڕوویی تۆمەتباردەکات و رەخنە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش دەگرێت بەوەی "بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە و بەرنامە بۆ داڕێژراو دژی مافی مرۆڤ".
 
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، وڵاتانی رۆژئاوا مافی مرۆڤ وەکو "بیانوویەک" بەکاردەهێنن بۆ دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە.
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە، خۆیان زۆرترین پێشێلکاری دژی مافی مرۆڤ ئەنجامدەدەن.
 
فەیسەڵ میقداد، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی مافی مرۆڤ لە بەرژەوەندیی "کارپێکەر و پشتیوانکارەکانی" تۆمەتباردەکات و دەڵێت "لەژێر سایەی داگیرکاریی تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیل، گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکانی هەسەدەی جوداخواز بەردەوامن لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە و بەرنامە بۆ داڕێژراو دژی مافی مرۆڤ بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی کارپێکەر و پاڵپشتیکارەکانیان".
 
شەڕی نێوخۆی سووریا نزیکەی یەک دەیەیە بەردەوامە کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتووانەکەی. 
 
ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، لیژنەی بەدواداچوونی سووریا پێکهێندرا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیریی لێدەکرێت و هەڵدەستێت بە وردبینیکردن و تۆمارکردنی پێشێلكارییەکانی دژی مافی مرۆڤ.
 
ساڵێک لەمەوبەر، لیژنەکە لە راپۆرتێکیدا پێشێلکاریی گەورەی دژی مافی مرۆڤ لە سووریا ئاشکراکرد. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، لە ماوەی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا کچانی منداڵ کە هەندێکیان تەمەنیان نۆ ساڵ بووە، دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و بە زۆرەملێ کراونەتە کەنیزەک و کوڕانیش ئەشکەنجە دراون و سەربازیی زۆرەملێیان پێ کراوە و ناچارکراون لە شوێنی گشتیدا خەڵک بکوژن.
 
هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، منداڵان لەلایەن نیشانەشكێنەکانەوە بەئامانجکراون و هەندێکیان بۆ پارە وەکو بارمتە بەکارهێندراون.