بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەکەوە لە حەلەب 9 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە کۆڵانی مەعرووف لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب رووخا، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون.
 
کاژێر 02:15ـی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی کوردنیشنی حەلەب لە سووریا، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون رووخا کە حەوت خێزانی تێدا دەژیا و ژمارەیان نزیکەی 30 کەس بوو.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی رووخانی باڵەخانەکە، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و مێرمنداڵیکی 15 ساڵان و کەسێکی بە تەمەنیش برینداربوون.
 
ژمارەیەکی دیکە لەو کەسانەی لە باڵەخانەکەدا بوون، لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا ماونەتەوە و تیمە فریاگوزارییەکانیش سەرقاڵی گەڕانن بەشوێن بێسەروشوێنبووانی رووداوەکەدا.