وەزیری کاتیی بەرگریی سووریا دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا، وەزیری بەرگریی کاتیی وڵاتەکەی دیاریکرد.
شەرع لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەندازیار مرهەف ئەبو قەسرە دەبێتە وەزیری بەرگریی حکومەتی کاتی سووریا.
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە، هەموو گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و ئەندامەکانیان لەنێو یەک سوپای نوێی سووریادا کۆدەکرێنەوە.
ئەبو قەسرە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کشتوکاڵیدا بەدەستهێناوە. لەکاتی هێرشی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکرد.
هەر ئەمڕۆ (شەممە، 21-12-2024) بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی دامەزراوەی سەربازیی سووریای نوێ بکەن.
ئەبو قەسرە تەمەنی 41 ساڵە، بە "ئەبو حەسەن حەمەوی" و "ئەبو حەسەن 600"ـیش دەناسرێت. لە گوندەواری حەما لەدایکبووە و پێشتر فەرماندەی سەربازیی دەستەی تەحریری شام بووە.
ئەبو قەسرە پێشتر رایگەیاندبوو "دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی، هەنگاوی داهاتوومانە و پێویستە هەموو هێزە سەربازییەکان لەخۆبگرێت، لەنێویاندا باڵی سەربازیی دەستەی تەحریری شام."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو "بیرکردنەوەی گرووپی چەکدار لەگەڵ بیرکردنەوەی دەوڵەت یەکناگرێتەوە."