ئەنجوومەنی سەربازیی منبج: 35 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە تورکیامان کوشت

رووداو دیجیتاڵ

راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دەڵێت، 13ـەمین رۆژی لەسەریەکە شەڕ لەنێوان شەڕڤانەکانیان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا ئەمڕۆ 35 چەکداریان کوشتووە. 
 
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەنتەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بڵاویکردەوە، "13ـەمین رۆژی لەسەریەکە هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بەرخودانێکی مەزن بەرامبەر هێرشی چەکدارەکانی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری پیشان دەدەن." 
 
بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فوراتە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب. 
 
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و پاڵپشتی ئاسمانیی تورکیای دەستی پێکرد؛ باس لەوە دەکات، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا توانیویانە 35 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە تورکیا بکوژن و دەیانی دیکەشیان بریندار کردوون. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج توانیویانە تانکێک و دوو ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕی چەکدارەکان تێبشکێنن و دەستیشیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیی ئەو چەکدارانەدا گرتووە. 
 
لە 7ـی کانوونی یەکەمەوە هێرشی گرووپەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەستی پێکرد. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە و ئەنجوومەنی سەربازیی منبجیش بەشێکە لەو هێزە. 
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج، لە دەستپێکی هێرشەکانەوە توانیویانە سەروو 50 چەکداری ئەو گرووپانە بکوژن و نزیکەی 100ـی دیکەش بریندار بکەن.