سووریاییەکان داوای دەوڵەتێکی دیموکراسی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

یەکەم خۆپێشاندان لە حکومەتی راگوزەری سووریا بەڕێوەچوو. بە سەتان خۆپێشاندەر لە دیمەشقی پایتەختەوە داوای دەسەڵاتێکی دیوکراسی دەکەن کە رێز لە مافەکانی ژنان بگرێت و کراوە بێت.  
 
تەسلیم، یەکێکە لەخۆپێشاندەرە ژنەکان و دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین تاوەکو بڵێین دەوڵەتێکی مەدەنیمان دەوێت، دەوڵەتێک بۆ هەمووان، بێ گوێدانە ئەوەی ئەو کەسە سەر بە چ نەتەوە و ئایینێکە".
 
رامی نادل، یەکێکی دیکەیە لە خۆپێشاندەرەکان و باس لە ئامانجی خۆپێشاندانەکە دەکات، "ئامانجی گردبوونەوەی گەنجانی مەدەنی، بۆ ئەوەیە داوا بکەین دەوڵەتێکمان هەبێت بۆ هەمووان بێت و پێشانیشی بدەین کە ئێمە هەین و هاتووینەتە سەر شەقامەکان، نەک تەنیا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانین".
 
هێزەکانی دەسەڵاتی ئێستای سووریا زۆرینەیان پێشینەیەکی ئایینییان هەیە، بۆیە خەڵکی وڵاتەکە دەترسن بەرەو دەوڵەتێکی ئایینی هەنگاو بنێن. 
 
دوای ئەوەی گوتەبێژی حکومەتی نوێی سووریا رایگەیاند، "ژن ناتوانێت هەموو پۆستێک بەڕێوەببات"، خەڵکی سووریا داوای بەشدارییەکی فراوانی ژنان لە حکومەتی نوێ دەکەن. 
 
ئەیهام حەمشۆ، لەنێو خۆپێشاندەرانەوە دەڵێت، "بۆ ماوەی هەشت ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژیم و لەسەرەتای شۆڕشەوە بەشداریم لە بزووتنەوە ئاشتیخوازەکان کرد، ئێستا وەکو هەمان بزووتنەوە هاتووینەتە سەر شەقام تاوەکو داوای دەوڵەتێکی مەدەنی بکەین".
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەبارەی حکومەتی نوێی سووریا دەلێت، دەبێت سەرجەم پێکهاتەکان بەشدارییان پێبکرێت و رێز لە مافەکانی ژنان بگیرێت.