ئەمریکا: ئاشتبوونەوەی حەماس و ئەسەد زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی فەلەستین دەگەیێنێت

21-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا هۆشداری لە ئاساییکردنەوەی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەدات و دەڵێت، ئاشتبوونەوە لەگەڵ حەماس گۆشەگیریی ئەسەد پێشاندەدات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2022 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی کە پەیوەندیکردنی حکومەتی بەشار ئەسەد لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، "تەنیا گۆشەگیرییەکەی ئەسەد بەهێزتر دەکات".
 
پرایس گوتیشی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان سووریا و بزووتنەوەی حەماس "زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی فەلەستین دەگەیێنێت و هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا لاواز دەکات."
 
بەشار ئەسەد، دوای 11 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی وڵاتەکەی و وەکو براوەی دیفاکتۆ، وردە وردە دەستی بە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی کردووەتەوە. دوایینیان رۆژی چوارشەممە بوو کە تێیدا لە دیمەشق پێشوازی لە شاندێکی حەماس کرد، کە گرووپێکی سوننە مەزهەبی فەلەستینن و دژبەری ئیسرائیلن. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە رەتکردنەوی هەر پاڵپشتییەک بۆ رەوایەتیدانەوە بە رژێمی ئەسەد،" بەتایبەتیش وەکو خۆی دەڵێت، لەلایەن رێکخراوەکانی وەکو حەماس کە ئەو بە "تیرۆریست" ناوی دەبات. 
 
بزووتنەوەی حەماس، کە کەرتی غەزەی بەدەستەوەیە، تاوەکو پێش ساڵی 2012 هاوپەیمانیی سووریا بوو، بەڵام لەو ساڵەدا سەرکۆنەی "چەوساندنەوەی" خۆپێشاندەرە سوننەکانی لەلایەن بەشار ئەسەدی عەلەوی کرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی پچڕاند.
 
ئەو سەردانەی حەماسیش بۆ دیمەشق لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان حەماس و حیزبوڵڵا، کە گرووپێکی چەکداری شیعەی لوبنانە و پاڵپشتی لە ئەسەد دەکات، بە نێوەندگیریی ئێران، بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە