ساڵح موسلیم: بەردەوامبوونی شەڕ لە سووریا خزمەتی هەندێک لایەن دەکات

21-04-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ساڵح موسلیم مۆسکۆ
A+ A-

رووداو - مۆسکۆ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە مۆسکۆ-ی پایتەختی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: بەردەوامبوونی شەڕ لە سووریا خزمەت بە هەندێک لایەن دەگەیێنێت.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی چۆنیێتی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریای کرد و گوتی "چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەستپێدەکات.. دوورخستنەوەی هەر پێکهاتەیەک لە پرۆسەی سیاسی سووریا کێشەکان قۆڵتردەکاتەوە".

ئەو باسی لە بەیەکەوەژیانی پێکهاتەکان لەو ناوچانەی سووریا کرد کە کوردیان تێدایە و گوتی "باکووری سووریا تەنیا کوردی لێ ناژی، بەڵکو سریانی و عەرەبیشی تێیدایە، عەرەب و سریان شانبەشانی کورد بە ئاشتی لە ناوچە کوردییەکان دەژین".

ساڵح موسلیم، هەروەها جەختی کردەوە لەوەی " چەکی کیمیایی لە دژی کوردانی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب بەکارهاتووە" و، گوتیشی " هەندێک لایەنی سووریا تەنیا باوەڕیان بە چەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان".

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی روونی کردەوەکە "بەردەوامبوونی شەڕ لە سووریا خزمەت بە هەندێک لایەن دەگەیێنێت" و، گوتیشی "زۆربەی لایەنە شەڕکەرەکان گرووپی ئیسلامی تووندئاژۆن".

 ئەو باسی لە دانوستاندنەکانی جنێڤ کرد کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا چەندین کۆبوونەوە لەلایەن شاندی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام و گوتی "هەندێک گرووپ باوەڕیان بە دانوستاندن نییە و دەیانەوێت کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەناوببەن"، جەختیشی کردەوە "دوورخستنەوەی کورد لە دانوستاندنەکان کێشەکان وەک خۆی دەهێڵێتەوە".

 


 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە