بەرپرسێکی سووریا: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سووریا رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا "ئەرێنی بووە".
بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "کۆبوونەوەکە کرا. کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو. بە پشتیوانیی خودا، ئەنجامەکەیشی ئەرێنی دەبێت."
بڕیاربوو دوای کۆبوونەوەکە، شاندی ئەمریکا لە هۆتێلێکی پایتەختی سووریا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی پێشكێش بکات، بەڵام رەنا حەسەن، ئەندامی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق رایگەیاند، "لەبەر هۆکاری ئەمنی" کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە هەڵوەشێنراوەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆنفرانسەکە کاژێر 20:30 بە کاتی دیمەشق (هەمان کاتی هەولێر) بە شێوەی ئۆنلاین دەکرێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع "باش و بەرهەمدار" بووە.
هەروەها میدیای سووریا ئاماژە بەوە دەکات، لە گفتوگۆکاندا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و دەرهێنانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) لە لیستی تیرۆر کراوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سێ دیپلۆماتی باڵای ئەو وڵاتە لە دیمەشق گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەکەن بۆ ئەوەی سۆراخی ئۆستن تایس، رۆژنامەڤانی ئەمریکی و هاووڵاتییە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەی ئەمریکا بکەن.
ئەمە یەکەمین شاندی ئەمریکییە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە سەردانی دیمەشقی کردبێت.
ئەمریکا ساڵێک دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا، واتە لە ساڵی 2012، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند.
سەردانی ئەم شاندە ئەمریکییە بە هەنگاوێکی گەورە بۆ گەڕانەوەی رۆڵی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەمریکا لە سووریا دادەنرێت، لە کاتێکدا بە درێژایی شەڕی نێوخۆ، رۆڵی واشنتن تەنیا سەربازی بوو.
ئیدارەی بایدن لەگەڵ سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانەی کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا لە پەیوەندیدا بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی هەتەشە کە سەرەڕمی رووخاندنی بەشار ئەسەد بوو، لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، پەیوەندییەکە راستەوخۆ و لەسەر ئاستی باڵا نەبووە.
دیارترین ئەندامی شاندە ئەمریکییەکە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو: "شاندەکە راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی سووریا گفتوگۆ دەکات، لە نێویاندا ئەندامانی کۆمەڵگەی سڤیل، چالاکڤانان، ئەندامانی کۆمەڵانی جیاجیای خەڵک و دەنگەکانی دیکەی سووریا" بۆ ئەوەی بزانن روانگەی خەڵکی سووریا "بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان چۆنە و ئەمریکا چۆن دەتوانێت یارمەتییان بدات."
دوو ئەندامەکەی دیکەی شاندەکە پێکدێن لە رۆجەر کارستنس، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان و دانیێل روبنستاین، راوێژکاری تایبەتی نوێی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کردبوو، دیپلۆماتەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی هەتەشە گفتوگۆ لەسەر "بنەماکانی قۆناخی راگوزەر" دەکەن کە لە کۆبوونەوەی عەقەبە لە ئوردن بەرپرسانی ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و تورکیا لەسەری رێککەوتبوون.
ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی داهاتووی سووریا هەموو لایەنەکان لەخۆبگرێت و هیچ پێکهاتەیەکی ئایینی و نەتەوەیی پشتگوێ نەخات.