رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دەڵێت، بەرپرسێک و ئەندامێکی داعشیان لە بۆردوومانێکدا لە سووریا کوشتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "رێگە نادەین داعش دۆخی ئێستای سووریا بقۆزێتەوە."
رۆژی هەینی، 20-12-2024، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە: "رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو یوسف ناسراو بە مەحموود، بەرپرسی رێکخراوی داعش، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی وردی هێزەکانمان لە پارێزگای دێرەزووری سووریا کوژرا."
سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا ئەندامێکی دیکەی داعش کوژراوە.
سێنتکۆم گوتی، ئەو بۆردوومانە بەشێکە لە پابەندیی بەردەوامیی سێنتکۆم و هاوبەشانی ناوچەکە "بۆ پەکخستن و کەمکردنەوەی هەوڵی تیرۆریستان لە پلاندانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە."
سوپای ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هێرشەکە لە ناوچەیەک کراوە "پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا و رووسیادا بوو."
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "هەروەک پێشتر گوتراوە، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشانی ناوچەکە رێگە بە داعش نادات سوود لە دۆخی ئێستای سووریا وەربگرێت و بیقۆزێتەوە".
کوریلا گوتی: "رێکخراوی داعش نیازی ئەوەی هەیە ئەو هەشت هەزار ئەندامەی ئازادبکات کە لە زیندانەکانی سووریادا دەستبەسەرن"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردە و شانە نووستووەکانی داعش دەکەنە ئامانج.
دوایین هێرشی سێنتکۆم بۆ سەر رێکخراوی داعش لە سووریا لە 16-12-2024 بوو و ئەوکات رایگەیاند، هێزەکانیان چەند هێرشێکی ئاسمانیی وردیان کردووەتە سەر "چەند شوێنێکی داعش و 12 ئەندامی داعش کوژراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ