زێڕنگەران لە لازقییە لە ترسی دزی زێڕەکانیان دەشارنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ڤیدیۆکەدا ساتی هەڵکوتانە سەر دووکانێکی ئەلیکترۆنی لە شاری تەرتووسی رۆژئاوای سووریا دەبینن، چەکدارەکان خۆیان بە دەستەی تەحریر شام ناساندووە و هەرچی کەلوپەلی دووکانەکەیە بردوویانە.
محەممەد ئیبراهیم، خاوەنی دووکانەکەیە و دەڵێت، "ئەوان هاتبوون تاڵانکاریی بکەن، ئەوە روون بوو. پاشان کاتێک تەماشای ڤیدیۆکانمان کردووە، زانیمان ئەوان ئامێری شکاندنی قوفڵیان پێبوو، دواتر خەڵکی گوێیان لە دەنگی چەکدارەکان بووە. کە دەرگاکەیان کردووەتە پێیان راگەیاندوون چەکدارانی تەحریر شامن و هاتووون بەدوای چەکدا دەگەڕێن."
خاوەنی دووکانەکە دەڵێت، چەکدارەکان بای 22 هەزار دۆلار کەلوپەلیان بردووە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، رێژەی تاوان و تاڵانکاریی لەو وڵاتە زیادیکردووە.
لە ترسی ئەو جۆرە لە هێرش و تاڵانکاری، زێڕنگەران لە لازقییە زێڕەکانیان لە جامخانەکاندا دانانێن، و لە جێگەی تایبەتی دووکان و ماڵەکانیان شاردوویانەتەوە.
عومەر ساحۆنی، زێڕنگەرە و دەڵێت: "هەروەکو دەبینن، دۆخەکە کاتی زیاتری پێویستە ئاسایی ببێتەوە، لەدوای رووخانی رژێم، دۆخەکە خراپ بوو و رێژەی تاوان زیادیکرد، بەڵام پەنا بەخودا دۆخی ئەمنی و سەلامەتی دەگەڕێتەوە بازاڕ، هەموو شتەکان وەکو خۆیان لێدێت و جارێکی دیکە کاڵاکانمان نمایش دەکەین و رەوشەکە بە ئاراستەی ئەرێنی دەڕوات."
لەگەڵ ئەوەی زۆر لە سوورییەکان خۆشحاڵن بە دەستپێکی سووریایەکی نوێ، بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لە زیادبوونی رێژەی تاوان و خراپبوونی دۆخی ئەمنی کردووە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی گرووپە چەکدارەکان و ململانێیان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەهێزکردنی پێگەیان لە سووریای نوێ.