رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ: 90٪ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، 7.2 ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 90٪ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
رۆژی هەینی، 20-12-2024، ئەیمی پۆوپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) راگەیێندراوێکی لە ژێر ناوی (بەهاناوەچوونی سووریا لە کاتێکی گرنگدا) بڵاوکردەوە.
ئەیمی رایگەیاند: "نزیکەی 14 ساڵی شەڕ و تەنگژە سووریای پڕووکاند. زیاتر لە 16 ملیۆن سووریایی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و زیاتر لە شەش ملیۆن کەسیش وڵاتەکەیان جێهێشتووە، 7.2 ملیۆنیش ئاوارەن."
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی رابردوودا 800 هەزار ئاوارەی نوێ تۆمارکراون. 90٪ـی سووریاییەکانیش لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین."
ئەیمی رایگەیاند: "پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو لە دیمەشق مووچەی مانگانەکەی 50 دۆلارە. پزیشک لەوێ پێویستە کارێکی دیکە بکات بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابینبکات."
ئەیمی دوای گەڕانەوەی لە دیمەشق ئەو راگەیێندراوەی نووسیوە و رایگەیاند: "وەک یەکەم بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان چوومە خاکی سووریا. لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەر، کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوە مرۆییەکان، شاندە دیپلۆماسی و بەخشەرەکاندا کۆبوونەوەمان کرد."
خانمە بەڕێوەبەرەکەی IOM گوتی، لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتە، چەندین ژێرخانی گرنگی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە وێرانکراون یانیش لەکارخراون. "بۆ نموونە حەلەب، لە نێوان 2012 بۆ 2016 زیانی زۆری پێگەیێنرا و دوو ملیۆن کەس شارەکەیان جێهێشت."
ئەیمی گوتی، خواستێکی زۆر لەلایەن ئاوارەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان بەڵام "لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریا لە لوبنان قسەمک رد و گوتیان هێشتا لە داهاتوو دڵنیا نین".
پۆوپ ئەوەشی گوت: "لەماوەی 13 ساڵدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵنگاری زۆری هەبوو لە پڕکردنەوەی پێویستییە مرۆییەکان، ئەوەش بەهۆی ئەو کۆسپانەی رژێمی ئەسەد بۆ رێکخراوەکان دایدەنا."